عەبدی و بارزانی: پێویستە هەڵوێستی کورد لە هەنگاوەکانی داهاتووی پڕۆسەی سیاسی سووریا یەک بێت

١٢ ئازاری ٢٠٢٥

بڵاویبکەرەوە لە

مەزڵوم عەبدی و مەسعود بارزانی ڕایانگەیاند، پێویستە لە هەنگاوەکانی داهاتووی پڕۆسەی سیاسیی سووریادا هەڵوێستی کوردی یەک بێت.

بارەگای بارزانی لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاند: “ناوەڕۆکی پەیوەندیی تەلەفۆنی مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان و مەزلوم عەبدی فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات، پەیوەندییەكی تەلەفۆنیان ئەنجامدا و بارودۆخی سیاسی و دوایین گۆڕانکارییەکانی سووریایان تاوتوێ کرا”.

ئاماژەی بەوەشکرد: “لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا مەزلووم عەبدی وردەکاریی و دەرئەنجامی سەردانی خۆی بۆ دیمەشق و لێکتێگەیشتنیان لەگەڵ حکوومەتی سووریا بۆ سەرۆک بارزانی شی کردەوە”.

ئاشکراشیکرد: “هەر لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا جەخت لەسەر ئەوە کراوەتەوە کە پاڵپشتی لە هەر هەنگاوێک بکرێت کە ببێتە هۆی ئاشتی و سەقامگیری لە سووریا و هەروەها ئەوەش دووپات کرایەوە کە پێویستە لە هەنگاوەکانی داهاتووی پڕۆسەی سیاسیی سووریادا هەڵوێستی کوردی یەک بێت”.