١٢ ئازاری ٢٠٢٥
ئەو بڕە تەموویلەی لەلایەن وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستانەوە بۆ مووچەی مانگی دوو داواکرابوو بەبێ هیچ لێبڕینێک خەرج کرا، لە سبەینێوە دەست بە دابەشکردنی دەکرێت.
وەزارەتی دارایی و ئابوری بڵاویکردەوە، ڕۆژی چوارشەممە ( 12-3-2025 ) دوای دوو هەفتە لە کۆبوونەوەی چڕ و پڕی نێوان تیمی تەکنیکی وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ و وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان بۆ چارەسەرکردن و وەڵامدانەوە و پێدانی ڕوونکردنەوە بۆ سەرجەم ئەو داواکارییە نوێیانەی کە بۆ ئەم مانگە لەلایەن وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵەوە هاتبووە ئاراوە، بڕی (975،925،880،078 ) دینار، وەک تەمویلی مووچەی مانگی دووی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق، ئەوەش ئەو بڕە تەموویلە بوو کە لەلایەن وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستانەوە بۆ مووچەی مانگی دوو داواکرابوو بەبێ هیچ لێبڕینێک خەرج کرا.
ئاماژە بەوەشکراوە، بەپێی گشتاندن و ڕێنمایی لەدوای (10) ی هەموو مانگێک ڕاپۆرتی تەرازووی پێداچوونەوەی مانگانە ئامادە دەکرێت و لەسەر ئەو بنەمایەش لەم ڕۆژانەدا ڕاپۆرتی تەرازووی پێداچوونەوەی مانگی دوو ئامادە دەکرێت بەمەبەستی دیاریکردنی پشکی گەنجینەی فیدراڵی لە داهاتی نانەوتی هەرێمی کوردستان و ناردنی بۆ وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ لەنزیکترین کاتدا.
ئەوەش ئاشکراکرا، سبەی پێنجشەممە (13-3-2025) دەست بەدابەشکردنی مووچەی مانگی دووی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەکرێت و لە چەند ڕۆژێکدا مووچەی سەرجەم مووچەخۆران دابەش دەکرێت.
هاوکات، وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان هەموو هەوڵەکانی چڕکردووەتەوە و لەگەڵ سەرجەم وەزارەت و دەستەکان و سەرۆکایەتیەکان لەسەر هێڵە بۆ ئەوەی لە هەفتەی داهاتوودا لیستی مووچەی مانگی سێ ڕەوانەی وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ بکرێت.