هەڵوێستی ئەردۆغان لەبارەی ڕێککەوتنەکەی مەزڵوم عەبدی و ئەحمەد شەرع ئاشکراکرا

١١ ئازاری ٢٠٢٥

بڵاویبکەرەوە لە

سەرۆککۆماری تورکیا ڕایگەیاند، "ئەگەر ڕێککەوتنەکە بێ کەموکوڕی جێبەجێ بکرێت، ئارامی و ئاسایش بۆ سووریا دەهێنێت”.

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لەبارەی رێککەوتنەی نێوان ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری سووریا بۆ قۆناخی راگوزەر و مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) واژۆکرا، ڕایگەیاند: "ئەو رێککەوتنەی دوێنێ کرا، ئەگەر بە بێ کەموکوڕی جێبەجێ بکرێت، خزمەت بە ئاسایش و ئارامیی سووریا دەکات. براوەش تەواوی برا سووریاییەکانمان دەبن".

ئاشکراشیکرد: "ئەگەر عەرەب، تورک و کورد برایەتییان بەرزبکەینەوە دەتوانن یارییەکان تێکبدەن و داهاتوویان مسۆگەر بکەن”.

جەختی لەوەشکردەوە: "جگە لە رێزگرتن، دەست خستنە نێو دەستی یەکدی هیچ رێگەیەکی دیکەی رزگاربوونمان نییە، با ئەمە لە هزری خۆمان دەرنەهێنین. خوای گەورە لە شەڕی نێوان برایانمان کە ئەمپریالیزمی پێ خۆش دەبێت، بمانپارێزێت".

شەوی ڕابردوو، مەزڵووم عەبدی و ئەحمەد شەرعی ڕێککەوتنێکیان واژۆکرد و رێککەوتنەکە لە هەشت خاڵ پێکدێت؛ بەو پێیە، شەڕ لە تەواوی سووریا دەوەستێت و هەسەدە دەبێتە بەشێک لە دامەزراوەی بەرگریی دەوڵەتی سووریا.