لە ئێران سزای لەسێدارەدانی ژنان زیادیکردووە

٨ ئازاری ٢٠٢٥

بڵاویبکەرەوە لە

سەرەڕای هۆشداریی وڵاتانی جیهان لە بەرامبەر لەسێدارەدانی هاوڵاتییان بە گشتی و ژنان بە تایبەتی، بەڵام ئێران بەردەوامە لەو کارەی و ژمارەی لەسێدارەدانی ژنان ڕووی لە زیادبوونکردووە.

ئەمڕۆ نیو سەدە تێپەڕدەبێت بەسەر دیاریکردنی ڕۆژی جیهانی ژنان لەلایەن ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە، وەکو نیشاندانی ڕێز و پێزانین بۆ هاوڵدانەکانی ژنان لە کایە جیاوازەکاندا، ئەمساڵیش ڕێکخراوی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ ئاماری لەسێدارەدانی ژنانی ئێرانی بڵاوکردووەتەوە کە ڕێژەکە زیادیکردووە.

ڕێکخراوی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ ڕایگەیاندووە، بە گوێرەی ئاماری ڕێکخراوەکە، لە ساڵی 2024 لانیکەم 30 ژن لە زیندانەکانی ئێران لەسێدارەدراون و 141 ژنی دیکەش دەستگیرکراون، هاوکات 136 چالاکوانیش لەلایەن دادگاکانی ئێرانەوە و سزای جۆراوجۆریان بەسەردا سەپێنراوە، هەروەها 191 حاڵەتی کوشتنیش تۆمار کراوە.

ئاماریی لەسێدارەدان بەراورد بە ساڵی 2023 بە ڕێژەی 36% زیادیکردووە.

لە سەرەتای ئەمساڵەوە تاوەکو ئێستا سزای لەسێدارەدان بۆ سێ ژنە چالاکوانی کورد دەرچووە، ئەمەش کاردانەوەی زۆری لێکەوتووەتەوە بەهۆی ئەوە لەسەر کاری سیاسی دەستگیر کراون.