٢٤ شوباتی ٢٠٢٥
بەهرۆز حاجی
هەموو ئەوانەی پێیان وایە،مامۆستا بە بایکۆتی پرۆسەی خوێندن، منداڵەکانیان نەخوێندەوار دەکات و ئایندەی نەوەیەک بەرەو کارەسات دەبەن، یاخود بردووە و بێ ڕێزانە ناوی نوێیان بۆ دادەتاشن، بڕۆ لێیان بپرسە، چۆن گۆڕانکاری لەسیستەمی سیاسی و کۆی سێکتەرەکانی تری کۆمەڵگەکەمان دێتەکایەوە، دەڵێن حەل هەرئەوەیە، یەکێتیی و پارتی بەشەق و چەک لاببرێن، خۆ ئەگەر بۆچونەکەیان ڕاستیش بێت، بەهۆی دۆخێکەوە کە ڕووداوە هەرێمی و نێودەوڵەتیەکە هێنابێتەکایەوە، ئەی باشە ئەگەر لەسەرەتای مووچەبڕینەوە، مامۆستا بێدەنگ بوایە، ئایە ئەم برادەرانە ئێستا پێیان نەدەگوتین مامۆستا توانای بەدەستهێنانی مافەکانی خۆشیان نییە، ئیتر چۆن نەوەیەکمان بۆ پەروەردە دەکەن سبەی بێتەدەنگ لەسەر حەقەکانی خۆی؟ ئاخر نەوەیەک مامۆستاکەی هێندە زەلیل و سەرزەنشت بکرێت ڕێگا مەدەنییەکانیش بەکار نەهێنێت بۆ داوا ڕەواکانی، تاوان نییە بهێڵرێت پەروەردەی منداڵەکەتی بدەیتەدەست؟ ئەی باشە ئەو بەڕێزانە هێندە لە پەیڕەوپرۆگرامی خوێندن و پەروەردە ڕازین، کە بەبایکۆتی مامۆستاکەی نەخوێنەوار و ئایندە تاریک دەبن، بۆچی لەبری هەنگاوەکانی مامۆستا ئەوانی بەخێوکەری قوتابی هەنگاوێک هەڵناهێنن کۆتایی بەو ستەمە بهێنن کە دە ساڵە بەرۆکی گرتون؟ ئەی بەدیلی بـایکۆت چییە؟ بەدیلی ئەو ڕێگا مەدەنیانە لەخۆپیشادان و مانگرتن، لەسکاڵاو ئیمزا کۆکردنەوە بۆ خستنە بەردمی دامەزراوەکانی پەڕلەمان، دادگا و حکومەت، کەسایەتی حیزبی وحکومی، نوێنەری وڵاتانی نێوەدەوڵەتیی، هەموو ئەمانە ڕێگای جیاواز جیاواز بوون بۆ بەدەستهێنانی، مافەکانی خودی مامۆستاو فەرمانبەر لە هەرێمەکەدا. ئێمە دەپرسین ئاخۆ ئیشی مامۆستایە، چەک هەڵبگرێت و سیستەمەکە بەدڵی ئەوان بگۆڕێت؟ ئەی بۆمەگەر خۆیان چ هەنکاوێکیان ناوە، لەو هەنگاوانەی مامۆستا باشتر بوبێت و مامۆستاش هاوکار نەبوبێت؟ خۆ ئەگەر بیانوییان ئەوەبێت دەستی حیزبی دەسەڵات لەپشتی هەنگاوەکانی مامۆستاوەبێت، ئایە خۆشیان بەرپرسیارتی ئەوەیان لەشان نییە بێن و بپرسن و بێنەشەقام بڵێن ئەوە لەبێ ئاگایی ئێمەیە دەسەڵات ناهێڵێت ئەوچینە بەمافەکانی بگات ومنداڵەکانمان بچنەوە بەرپرۆسەی خۆێندن.
بۆیە ئەوەی ڕەخنەی لەو هەڵوێستانەی مامۆستا هەیە، دەتوانین بڵێین ئەوە هەنگاوی سەرکەوتنی دەسەڵاتە بەسەر ئیرادەی ئەوانەدا کە مامۆستا بەبەشێک لەکەوتنی پرۆسەی پەروەردە دەزانن، بەڵام بەپێچەوانەوە، ئەوە سەرکەوەتنی هێزو ئیرادەی مامۆستایە، دەساڵە بەردەوامەو لەبەردەم دەسەڵاتێک وەستاوە، لە کوشت و بڕی حەڤدەی شوباتەوە، هاتۆتە قۆتاغێک دیواری دێگەڵە ببڕێت و کەس نەکوژرێت.