٢٢ شوباتی ٢٠٢٥
وهفدى دانوستانکاری پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتیمانی کوردستان، لە سلێمانی کۆدەبنەوە، بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێم و تاووتوێی ڕەشنوسێک دەکەن.
بە پێی زانیارییەکان، ئهمڕۆ له سلێمانى لە کۆبونەوەياندا وهفدى دانوستانکاری پارتی و یەکێتی تاووتوێى ئەو ڕەشنوسە دەکەن کە لەلایەن تیمی تەکنیکی هەردولا وەک بەرنامەی کاری کابینەی نوێی حکومەت ئامادەکراوە.
ئهمهش لهكاتێكدایه ڕۆژی 10ی ئهم مانگه، مەحمود محەممەد، وتەبێژی پارتی دیموکرات ڕایگەیاندبوو، گفتوگۆکان گەیشتونەتە قۆناغی بیرۆکەی هاوبەش بۆ پێکهێنانی حکومەت و تەنها یەک دوو خاڵ ماون کە پێویستی بە گفتوگۆ لە ئاستێکی دیکەدا هەیە و لەچەند ڕۆژی داهاتوودا گفتوگۆ دەکرێت و خاڵە ناکۆکەکان کۆتایی پێدەهێندرێت.
ئاماژەی بەوەشدابوو، هەردولا گەیشتونەتە ئەو باوەڕەی دەبێت لەپێکهێنانی حکومەت پەلە بکرێت و تەنها ڕای جیاوازیان لەسەر چۆنیەتیی پێکهێنانی حکومەت و بەڕێوەبردنیەتی و تا ئێستا قسە لەسەر پۆستەکان نەکراوە.
لە لایەکی دیکەوە، ڕۆژی 17ی ئەم مانگە، سەعدی ئەحمەد پیرە، وتەبێژی یەکێتی نیشتمانی، وتبووی، لەگەڵ پارتی نزیکین لە ڕێکەوتن و دۆخی ناوچەکە وا پێویستدەکات بە زووترین کات حکومەتی نوێ پێکبهێندرێت.
ڕاشیگەیاندبوو: “لە کۆبوونەوەی ئەم جارە پۆستەکان یەکلایی دەکرێتەوە و تەعریفی وەزیفەکان دەکرێت”.
