بانگدان لە ڕەمەزاندا دەکرێت بە مەرکەزی

١٤ شوباتی ٢٠٢٥

بڵاویبکەرەوە لە

بەڕێوەبەری ئەوقافی هەولێر ڕایگەیاند، لە مانگی ڕەمەزانەوە بانگدان لە مزگەوتەكانی هەولێر و دەورووبەری دەكرێت بە مەركەزی.

نەبەز ئیسماعیل، بەڕێوەبەری ئەوقافی هەولێر لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند، لە مانگی ڕەمەزانەوە بانگدان لە مزگەوتەكانی هەولێر و دەورووبەری دەكرێت بە مەركەزی و پرۆژەكە لە سەنتەری هەولێر و دەورووبەری جێبەجێ دەكرێت و ژمارەی مزگەوتەكانیش دوو هەزار و 137 مزگەوتن.

ڕوونیشیکردەوە، ئەم پڕۆژەیە وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی لە حكومەتی هەرێمی كوردستان، لە ماوەی ڕابردوودا كاری لەسەر كردووە و سەرەتاش، بۆ نوێژی بەیانی و خۆرئاوابوون جێبەجێ دەكرێت.

ئاشکراشیکرد، ستۆدیۆی سەرەكی ناوەندی بانگدانەكە لە هەولێر دەبێت، 45 بانگبێژ بەشداری دەكەن، كە هەندێكیان كارمەندی وەزارەتی ئەوقافن، ئەوانی تریش خۆبەخشن.

ئەوەشی خستەڕوو، بانگدانەكەش لە ڕێگەی تەكنەلۆجیای ئەلیكترۆنییەوە، ڕاستەوخۆ پەخش دەكرێت نەك لە ڕێگەی تۆماركردنی پێشوەختەوە.