١٢ شوباتی ٢٠٢٥
وەزارەتی پلاندانان ڕایگەیاند، لە 24ی ئەم مانگە، ئەنجامی کۆتایی سەرژمێریی گشتیی دانیشتوان و نیشتەجێبون بۆ ساڵی 2024 ئاشکرادەکەن، دەشڵێت، ڕێژەی نێر لە مێ زیاترە.
محەمەد تەمیم، وەزیری پلاندانانی عێراق لە لێدوانێکدا دەڵێت، ڕێژەی گەشەی ساڵانەی دانیشتوان گەیشتوەتە 2.53%، هەروەها، ڕێژەی نێر لەمێ زیاترە، لەدابەشکردنی دانیشتواندا، هاوکات دانیشتوانی شارەکان نزیکەی دوو لەسەر سێی کۆی دانیشتوانی وڵات پێکدەهێنن. سەبارەت بەپێوەرەکانی هەژاری، داتاکان دەریانخستووە کە ڕێژەی هەژاریی لەوڵاتەکەدا بۆ 17.5% بەرزبوەتەوە، پارێزگاری موسەننا بەڕێژەی 40% لەپێشەنگی لیستەکەدایە، لەدوای ئەویش بابل دێت، لەبەرامبەردا بەسرە 27.5%و ئەنبار 22%و بەغدا کەمترین ڕێژەی تۆمارکردوە کە 13% بووە. جەختی لەوەشکردوهتەوە، حکومەت هەوڵدەدات پلانی ستراتیژی جێبەجێبکات، کە ئامانجیان بەرەنگاربونەوەی هەژاری و باشترکردنی ئاستی ژیانە، لەگەڵ گرنگیدان بەو پارێزگایانەی کە زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە.