نەتانیاهۆ هۆشداری تووند دەداتە حەماس؛ دیلەکان ئازاد نەکەن دەگەڕێینەوە

١١ شوباتی ٢٠٢٥

بڵاویبکەرەوە لە

سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاند، تا شەممەی داهاتوو حەماس بارمتەکان ئازاد نەکات سوپای ئیسرائیل دەگەڕێتەوە بۆ غەززە.

سێشەممە، 11-2-2025، بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا هۆشداری تووند دەداتە حەماس و ڕایگەیاند، ئەگەر تا شەممەی داهاتوو بارمتە ئیسرائیلییەکان ئازاد نەکرێن، ئەوا سوپای وڵاتەکەمان دەگەڕێتەوە بۆ غەززە و شەڕێکی سەخت دەست پێدەکەینەوە.

ئەوەشی خستەڕوو، دوا دەرفەت بۆ حەماس نیوەڕۆی ڕۆژی شەممەیە، ئەگەر تا ئەو کاتە بارمتەکان ئازاد نەکرێن، ئاگربەست کۆتایی دێت و حەماس لەناو دەبەین.

سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، لەبارەی ترەمپەوە، ئاشکراشیکرد: "پیرۆزبایی لە هەڵوێستی سەرۆکی ئەمەریکا و دیدگا شۆڕشگێڕانەکەی لەبارەی غەززەوە دەکەم".

جەختی لەوەشکردەوە، تا بارمتەکان، بەپێی قۆناغی یەکەمی ڕێککەوتنی ئاگربەستەکە ئازاد نەکرێن، ئەوا ناچینە قۆناغی دووەمی دانوستانەکان.