١١ شوباتی ٢٠٢٥
سەرپەرشتیارى تیمى چارەسەرى مانگرتووان لە نەخۆشخانەى شار نوێترین زانیاری لەبارەی وەرگرینی چارەسەر بۆ مانگرتووان دەخاتەڕوو.
سێشەممە، 11-2-2025، دکتۆر گۆران محێدین، سەرپەرشتیارى تیمى چارەسەرى مانگرتووان لە نەخۆشخانەى شار، لە کۆنگرەیەکى ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: "تیمێک لە بەشى هەناوى، پزیشکى خۆراک، پەرستار و کارمەندانى دیکە بۆ چارەسەر و چاودێریى مانگرتووان پێکهێنراوە و چارەسەرى سەرەتایى دەستى پێ کردووە".
ئاشکراشیکرد: "دواى گەڕانەوەى ئەنجامى ئەو پشکنینە پزیشکییانەى کە بۆ مانگرتووان ئەنجام دراوە، هەریەکەیان بەپێى حاڵەتەکەى چارەسەرى بۆ دەکرێت".
لە ڕۆژى سێشەممە 28-1-2025ەوە خۆپیشاندانى مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی بۆ داواکردنى مافە داراییەکانیان بەڕێوەچوو، هەمان ڕۆژ 13 مامۆستا و فەرمانبەر مانگرتنیان لە خواردن ڕاگەیاند و لەبەردەم نووسینگەى نەتەوەیەکگرتووەکان لە شارى سلێمانى خێمەیان هەڵدا.