١٠ شوباتی ٢٠٢٥
بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ ڕایگەیاند، "سبەی هەناردەکردنی بەرهەمی پەلەوەرخانەکانی هەرێمی کوردستان بۆ عێراق دەستپێدەکاتەوە".
دووشەممە، 10-2-2025، فیراس سدیق، بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ لە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند: "رۆژی چواری ئەم مانگە شاندێکی کشتوکاڵی عێراق هاتن بۆ هەولێر و خۆیان چوونە پەلەوەرخانەکان و سامپڵیان لە پەلەوەرەکان وەرگرت بۆ دڵنیابوونەوەیان لە تەندروستبوونی مریشکەکان".
ئاماژەی بەوەشکرد: “ئەمڕۆ پشکنینەکانمان لە بەغدا بۆ گەڕایەوە کە پاک و بێ کێشەبوون، سبەی هەناردەکردنی بەرهەمی پەلەوەرخانەکانی هەرێمی کوردستان بۆ عێراق دەستپێدەکاتەوە”.
پێشووتریش لە رۆژی 27-1-2025، وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق رایگەیاند: "بە فەرمانی عەباس جەبر مالیکی، وەزیری کشتوکاڵ، وەزارەتی کشتوکاڵ لەڕێگەی فەرمانگەی ڤێتێرنەرییەوە هاتنی پەلەوەر و بەرهەمەکانی لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ پارێزگاکانی دیکەی عێراق بۆ ماوەیەکی کاتی قەدەخە کردووە”.
باسی لەوەشکردبوو: “تاوەکو دۆخی نەخۆشی لە هەرێمی کوردستان روون دەبێتەوە و ئەنجامی پشکنینی تاقیگەیی دەردەچێت، کە دڵنیایی دەدات پڕۆژەکانی پەلەوەر لە هەرێمی کوردستان لە ئەنفلۆنزای باڵندە پاکن”.
عێراق ساڵانە پێویستی بە یەک ملیۆن تۆن گۆشتی مریشکە، بەڵام بەرهەمی ناوخۆی 350 هەزار تۆنە و نزیکەی 650 تۆنی لە هەرێمی کوردستان هاوردە دەکرد.