١٠ شوباتی ٢٠٢٥
بەڕێوەبەری تەندروستی هەولێر ڕایگەیاند، ڕێژەی توشبوون بە نەخۆشی شێرپەنجە بە دوو ساڵی ڕابردوو کەمیکردووە.
دووشەممە، 10-2-2025، د.دلۆڤان محەممەد، بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی هەولێر لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، دەتوانرێت چیرۆکی ئەوانەی لە نەخۆشی شێرپەنجە ڕزگارییان بووە و نەخۆشییەکەیان تێپەڕاندووە، بکرێتە سەرچاوەیەکی باشی دەروونی بۆ نەخۆشانی دیکە.
ئەوەشی خستەڕوو، سەدا 28ـی ئەوانەی وەک توشبووی نەخۆشییەکە تۆمار دەکرێن، دانیشتووانی دەرەوەی هەرێمی کوردستانن.
باسی لەوەشکرد، ڕێژەی توشبوون بە نەخۆشی شێرپەنجە بە دوو ساڵی ڕابردوو، ڕووی لە کەمبوونەوە کردووە.
دەشڵێت، ئەوانەی نەخۆشییەکەیان تێپەڕاندووە، ئێستا ئاسایی ژیان دەکەن، ئەوەش کاریگەریی لەسەر دەروونی نەخۆشانی دیکە دروستدەکات، چونکە بەشێک لە چارەسەرییەکانی ئەو نەخۆشییە، لایەنی دەروونییە کە پێویستە هەمیشە مۆراڵی نەخۆشەکە و خزم و کەسانیشی بەرز بکرێتەوە بۆ ئەوەی چارەسەری باشتریان بۆ بکرێت.
بەڕێوبەری گشتی تەندروستی هەولێر ڕوونیشیکردەوە، سەدا 28 ئەو نەخۆشانەی لە هەولێر تۆمار دەکرێن، نەخۆشانی دەرەوەی هەرێمی کوردستانن، لە پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشووری عێراقەوە دێن.
جەختی لەوەشکردەوە، ئامارەکانی ساڵی 2024 بۆ تووشبووانی شێرپەنجە ئەگەر بەراورد بکرێت بە ئاماری ساڵی، ساڵی 2023 ژمارەی تووشبووان 5456 بوون، ساڵی 2024ـیش، 4983 توشبوو بووە بە شێرپەنجە.