٤ شوباتی ٢٠٢٥
شارەزایەکی کەشناسی ڕایگەیاند، لەسبەینێوە چوار شەممە درەنگانی شەوەوە بەتایبەتی شەپۆلی باران و بەفر دەست پێدەکات.
سێشەممە، 4-2-2025، شاڵاو هیدایەت، شارەزای كەشناسی لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند، لەسبەینێوە چوار شەممە درەنگانی شەوەوە بەتایبەتی شەپۆلی باران و بەفر دەست پێدەکات سەرەتاش لەناوچەکانی باکووری هەرێمەوە شەپۆلەکە داخڵ دەبێت بەتێپەڕ بوونی کات سبەی شەو بۆ نزیک بەرەبەیانی تەواوی ناوچەکان دەگرێتەوە و چەقەکەی پێنج شەممە 6ی مانگ و شەوی 6 لەسەر 7 ی مانگە.
ئاشکراشیکرد، ڕۆژی هەینی کاریگەری ئەم شەپۆلە کەم دەبێتەوە و کۆتایی دێت بەتێپەڕبوونی کات، بۆ هەموو ناوچەکان بارانی باشی پێوەیە، چونکە نزمە پەستانێکی تەواوی کلاسیکی دەریای ناوەڕاستە و تەوژمە هەوایەکی ساردی جەمسەریش تێکەڵی دەبێت و دەگاتە ناوچه که لەو شەپۆلانەی ڕابردوو زیاتر دەمێنێتەوە و باشتریشە.
ئەوەشی خستەڕوو، بەفر لەهەموو ناوچە شاخاوییەکان دەبارێت و دادەبەزێت تا ئاستی 700 بۆ 800 مەتر لەئاست ڕووی دەریاوە و لەناوچە کوێستاناویەکانیش بەفرێکی باش دەبارێت.
باسی لەوەشکرد، خێرایی با ئەگەر هەیە ماوە ماوە زیاد بکات بەخێرایی 20 تا 35 کم لە كاتژمێرێكدا بەپێی شوێن خێراییەکە دەگۆڕێت، شوێنی چەقی ناوچەی پەستان نزم و نزیک ناوچەی پەستان نزم خێرایی با زیاتر دەبێت، هاوکات پلەکانی گەرما لەکۆتایی هەفتە و بەولاوە و هەفتەی داهاتوودا بەشێوەی بەرچاو دادەبەزن بەڕێژەی 8 تا 11 پلەی سیلیزی کەشێکی زۆر سارد ڕوودەکاتە تەواوی ناوچەکان.
ئاماژەی بەوەشکرد، جارێكی تر شەپۆلێکی تریش دوای ئەمە لەئارادایه لەناو هەفتەی تر ئەگەر جێگیر بێت لەمەیان بەفر زیاتریش دادەبەزێت.