ئاسایشی سلێمانی: رێکخەری یاریی “سکوید گەیم”مان دەستگیرکرد

٤ شوباتی ٢٠٢٥

بڵاویبکەرەوە لە

وتەبێژی ئاسایشی سلێمانی ڕایگەیاند، "ئەو کەسەی یاریی “سکوید گەیم”ـی لە شاری سلێمانی ڕێکخستبوو دەستگیرمانکرد".

سێشەممە، 4-2-2025، عەقید سەلام عەبدولخالق، وتەبێژی ئاسایشی سلێمانی لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند، ئەو کەسەی کە ویستی یاریی “سکوید گەیم” لە سلێمانی بکات، بەهۆی ئەوەی رێگەپێدانی ئاسایشی نەبووە، دەستگیرکراوە و ئەو یارییانە جۆرێک لە توندوتیژییان تێدایە و بەهیچ شێوەیەک گونجاو نەبووە، هاوکات پارەشی لە خەڵک وەرگرتووە و نەیگەڕاندووەتەوە.

ئەوەشی خستەڕوو، تۆمەتبارەکە بە فەرمانی دادوەر دەستگیرکراوە و لێکۆڵینەوە لەگەڵیدا دەستیپێکردووە.

ئەمە لە کاتێکدایە، هاوڵاتیەکی شاری سلێمانی بانگەشەی ئەوەی دەکرد یاریی “سکوید گەیم” رێکدەخات و ژمارەیەک هاوڵاتی بە بڕێک پارە، بەشدارییان تێیدا کردبوو.