٤ شوباتی ٢٠٢٥
دادگای فیدراڵی بڕیاریدا بە ڕاگرتنی هەرسێ یاسای پەسەندکراوی باری کەسی، گەڕاندنەوەی موڵک و ماڵ و لێبووردنی گشتی.
بەگوێرەی نوسراوێكی دادگای باڵای فیدراڵی عێراق، كە بە واژۆی جاسم محەمەد عەبود، سەرۆكی دادگاكە بڵاوكراوەتەوە، تێیدا هاتووە، فەرمانێكی وەلائی دەرچوو بۆ راگرتنی جێبەجێكردنی ئەو یاسایانەی كە لە دانیشتنی ژمارە 3ی رۆژی سێشەممە 21-1-2025ی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق پەسەندكراوە.
ئەو سێ یاسایەی كە لەلایەن دادگای باڵای فیدراڵییەوە راگیراوە، بریتین لە یاساكانی باری كەسی، گەڕاندنەوەی موڵك بۆ خاوەنەكانیان و لێبوردنی گشتی.
هاوکات، دادگای فیدراڵی هۆكاری راگرتنی كاركردن بەو سێ یاسایەی گەڕاندووەتەوە بۆ ئەوەی بزانێت تاچەند لەگەڵ دەستور یەكدەگرێتەوە.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، راگرتنەكە رێكارێكی كاتییە تا ئەوكاتەی ئەو سكاڵایانەی لەسەر ناوەڕۆكی یاساكان تۆماركراون، یەكلایی دەكرێتەوە.
بەپێی خەمڵاندنی پارێزەرانی كەیسەكانی جوتیاران تەنیا لەكەركوك لانیكەم 300 هەزار دۆنم زەوی كشتوكاڵی لە خاوەنە رەسەنەكانیان وەرگیرانەوە هەر بەم هۆیەوە ڕاگرتنی ئەم یاسایە لەلایەن دادگای فیدراڵی لە بەرژەوەندی کورد نیە .