قایمقامی قەزای چەمچەماڵ: کەسوکاری شەهیدان زۆر لەوە گەورەترن کەسێک لە سۆشیال میدیا سووکایەتییان پێبکات

٣ شوباتی ٢٠٢٥

بڵاویبکەرەوە لە

قایمقامی چەمچەماڵ: “سکاڵای یاسایی لەسەر بانگخواز عومەر فەقێ تۆمار دەکەین و لە دژی ئەوەی ڕەحمەت دەنێرێ بۆ دیکتاتۆر سەدام حسێن و سووکایەتیکردن بە هەست و نەستی کەسوکاری شەهید و ئەنفالکراوان”.

ڕەمەک ڕەمەزان، قایمقامی قەزای چەمچەماڵ، لە گرتە ڤیدیۆیەکدا ڕایگەیاند: “ئێمە وەک پایتەختی شەهیدان و ئەنفالکراوان وەک ڕێزێک بۆ هەست و نەست و ڕێزی خانەوادە و کەسوکاری شەهید و ئەنفالکراوان سکاڵای یاساییمان لەسەر عومەر فەقێ، تۆمار کرد”.

ڕاشیگەیاند: “دوای کیمیاباران کردن و ئەنفالکردن و ڕووخاندی دێهاتەکانمان لەلایەن دیکتاتۆر سەدام حسێن، لەجیاتی تۆمارکردنه سکاڵا ڕەحمەت دەنێرێ بۆی و سووکایەتی بە هەستی کەسوکاری شەهید و ئەنفالکراوان دەکا و ئێمە دژی ئەوەین”.

وتیشی :” بەداوای لێبووردنیش لێی خۆشنابین و بەوە قەرەبوو ناکرێتەوە”.

جەختیشیکردەوە، کەسوکاری شەهیدان زۆر لەوە گەورەترن کەسێک لە سۆشیال میدیا سووکایەتییان پێبکات.