نوێترین زانیاری لەسەر مووچەی مانگەکانی 12 و 1

٢٧ کانونی دووەمی ٢٠٢٥

بڵاویبکەرەوە لە

سەرچاوەیەک لە حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێم رایگەیاند، بەهۆی جێبەجێکردنی یاسای خانەنشینی و جیاکردنەوەی ئەو کەسانەی خانەنشین دەبن، تائێستا لیستی مووچەی مانگی یەک ئامادەنەکراوە.

ئەمڕۆ دووشەممە، سەرچاوەیەک لە حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکدا رایگەیاند، بەهۆی جێبەجێکردنی یاسای خانەنشینی و جیاکردنەوەی ئەو کەسانەی خانەنشین دەبن، لەگەڵ چارەسەرکردنی کێشەکانی رابردووی لیستی مووچە، ئامادەکردنی لیستەکە دواکەوتووە و تەواونەبووە.

هاوکات سەرچاوەیەکی تر لە وەزارەتی دارایی عێراق دەڵێت، تا کاتی گەڕانەوەی شاندی وەزارەتی دارایی عێراق بۆ بەغدا و دەرەنجامی کۆبوونەوەکان، بڕیار لەسەر خەرجکردنی مووچەی مانگی یەک نادەن.

سەبارەت بە مووچەی مانگی یەک، سەرچاوەکەی وەزارەتی دارایی عێراق دەڵێت، پێویستە شاندی هەرێم لەگەڵ خۆیاندا لیستی مووچەی مانگی یەک بهێنن بۆ بەغدا، لیستێک کە ئەو فەرمانبەرانەی تێدا لابرابێت کە خانەنشین دەبن، هاوکات کێشەکانی رابردووی لیستەکەش چارەسەر کرابێت، لەبەرئەوەی ئەو لیستە دەبێتە بنەما بۆ کۆی مانگەکانی ئەمساڵ.

بەپێی زانیارییەکان، لەکاتی چوونی شاندی هەرێم بۆ بەغدا، ئەنجومەنی وەزاری بۆ کاروباری ئابووری لەگەڵ شاندی هەرێم و وەزارەتی دارایی عێراق کۆدەبنەوە و چارەنوسی مووچەی مانگی 12ـی مووچەخۆرانی هەرێم یەکلاییدەکەنەوە کە ئایا بەغدا مووچەی ئەو مانگەی ناردووە بۆ هەرێم یاخود نا، لە ئەگەری ئەوەی بەغدا نەیناردبوو، بڕیار لەسەر ناردنی مووچەی ئەو مانگە دەدرێت.