ژنێک بە گورچیلەی بەرازەوە دەژی

٢٦ کانونی دووەمی ٢٠٢٥

بڵاویبکەرەوە لە

ژنێکی ئەمریکیی، پاش ئەوەی یەکێک لە گورچیلەکانی دەبەخشێتە دایکی، گورچیلەیەکی بەرازی بۆ دەچێندرێت و پزیشکەکەی دەڵێت: "لەئێستادا باری تەندروستیی جێگیرە".

تۆوانا لوونی، ئەو ژنە ئەمریکییە تەمەن 53 ساڵەیە، کە ماوەی دوو مانگە بە گورچیلەی بەرازەوە دەژی و وەک پزیشکەکەشی باسی دەکات، باری تەندروستیی جێگیرە.

ڕۆبێرت مۆنتیگۆری، پزیشکی گشتیی نەشتەرگەریی هەناوی، دەربارەی دۆخی تەندروستیی لوونی دەڵێت: "ماوەی دوو مانگە تۆوانا نەشتەرگەریی چاندنی گورچیلەی بۆ ئەنجامدراوە و خۆشبەختانە سەرکەوتوو بووە. تۆوانا بووەتە هیوای چەندین نەخۆشیتر کە پێوێستیان بە چاندنی گورچیلە هەیە".

لوونی، 11 ساڵ پێش ئێستا گورچیلەیەکی بەخشی بە دایکی، دوابەدوای ئەوە توشی گرفتی تەندروستیی وەک (هەناسە تەنگی و بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن) بووە. پاش دووگیانبوونیشی؛ نیشانەکانی تەندروستیی بەرەو خراپتر رۆیشتووە، تا ئەو کاتەی ئەو تاکە گورچیلەیەشی کە مابووی، بەرەو لاوازی دەڕۆیشت.

سەرئەنجام، پێش دوو مانگ نەشتەرگەرییەکی کەموێنەی بۆ دەکرێت بە چاندنی گورچیلەیەکی بەراز بۆی. وەک پزیشکەکەی دەڵێت، لە ئەمریکا خەڵکی زۆر ناویان نوسیوە بۆ ئەنجامدانی نەشتەرگەریی گورچیلە و هیچ خۆبەخشێک نەبووە تا گورچیلەی خۆی بە لوونی ببەخشێت، هەربۆیە گورچیلەی بەرازیان بۆ چاندووە.

ڕۆبێرت مۆنتیگۆری، پزیشکەکەی لوونی دەڵێت، دوای چەندین تاقیکردنەوە و لێکۆڵینەوە لەسەر بۆماوەیی ئاژەڵ و بەکارهێنانی ئەندامەکانیان بۆ مرۆڤ، بڕیارداوە کە گورچیلەیەکی بەراز بۆ لوونی بچێنێت.