١٩ کانونی دووەمی ٢٠٢٥
ماوەی چەند هەفتەیەکە، لە بەنداوی تشرین و دەوروبەری، شەڕێکی قورس لەنێوان تورکیا و هێزەکانی سووریای دیموکرات دەستیپێکردووە و رۆژانە، چەندین کەس بەهۆی هێرشەکانەوە دەبنە قوربانی.
پاش رووخانی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد لە رۆژی 27-11-2024، گرژییەکانی نێوان تورکیا و هەسەدە، زیاتر پەرەی سەند و، لەم نێوەندەشدا، ئەو شوێنەی زۆرترین جار ناوی دەهێندرێت و هاوکات گۆڕەپانی سەرەکیی شەڕەکەشە، بەنداوی تشرینە.
شوێنی جوگرافی و مێژووی بەنداوی تشرین
بەنداوی تشرین دەکەوێتە نزیک شاری منبج، 115 کیلۆمەتر لە شاری حەلەب و 80 کیلۆمەتر لە سنووری تورکیا دوورە، لە ساڵی 1999 بە ئامانجی گلدانەوەی ئاو و دەستکەوتنی وزەی کارۆئاوی لەسەر رووباری فورات، بونیادنراوە.
ئەو بەنداوە، بە دووەم گەورەترین بەنداوی سووریا دادەنرێت و توانای عەمبارکردنی 1.9 ملیار مەتر سێجا ئاوی هەیە.
لە ساڵی 2014 و لەوکاتەی دۆخی سووریا لەوپەڕی ئاڵۆزییدا بوو، بەنداوەکە لەلایەن چەکدارانی داعشەوە کۆنتڕۆڵکرا و ساڵێک دواتر، لەلایەن هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە)، بە هاوکاریی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی کۆنترۆڵکرایەوە و تائێستاش لەژێر دەسەڵاتی هەسەدە-دا ماوەتەوە.
گرنگیی بەنداوی تشرین
لە پاش دروستکردنیەوە، بەنداوەکە بووەتە سەرچاوەی سەرەکیی ژیان و کشتوکاڵکردنی ژمارەیەکی زۆری دانیشتووانی ناوچەکە، بەشێوەیەک شارەزایان، کۆنتڕۆڵکردنی بەنداوەکە بە مانای کۆنتڕۆڵکردنی ئاسایشی خۆراکی ناوچەکە ناودەبەن.
لایەنێکی دیکەی گرنگی بەنداوی تشرین ئەوەیە کە، شارەکانی حەلەب، رەققە و حەسەکە بەیەکەوە دەبەستێتەوە و، ئەمەش وایکردووە لەڕووی سەربازییەوە، بەنداوەکە وەک هێڵێکی بەرگریی لەو ناوچانە ببینرێت، هەربۆیە هەر لایەنێک بیەوێت دەست بەسەر بەنداوەکەدا بگرێت، پێویستی بە جووڵاندنی سوپا دەبێت.
ئێستا چی روودەدات لە بەنداوی تشرین؟
ماوەی زیاتر لە مانگێکە، تورکیا لەڕێی فڕۆکە جەنگییەکانی و ئەو گروپانەشی ئاراستەیان دەکات، بە بەردەوامی بۆردومانی بەنداوەکە دەکات و جگە لەو ژمارە زۆرە قوربانییەی هەن، زۆرێکیش لە ناوچەکانی کۆبانێ و دەوروبەری بێکارەبا بوون.
شارەزایان لەئێستادا باس لەوە دەکەن، لە ئەگەری بەردەوامبوونی گرژییەکان و بۆردومانەکان بۆسەر ئەو بەنداوە، مەترسیی داڕمانی بەنداوی تشرین زیاتر و زیاتر دەبێت.
چی روودەدات ئەگەر بەنداوی تشرین دابڕمێت؟
بەپێی زۆرێک لە سەرچاوەکان، لە ئەگەری داڕمانی بەنداوی تشریندا، ئەوا کارەساتێکی گەورەی مرۆیی دەخوڵقێت و لەگەڵ داڕمانیشیدا، چەند شەپۆلێکی بەرزبوونەوەی ئاو دروستدەبێت.
شەپۆلی یەکەم/ بەهێزترینیان دەبێت و بە درێژایی 150 کیلۆمەتر ئاستی ئاو بۆ حەوت مەتر بەرز دەبێتەوە.
شەپۆلی دووەم/ بە درێژایی 400 کیلۆمتر ئاستی ئاوەکە بە بەرزایی پێنج مەتر بەرز دەبێتەوە.
شەپۆلی سێیەم/ کاریگەریی لەسەر عێراق دەبێت و ئاستی ئاوی ڕووباری فورات بۆ سێ مەتر بەرز دەبێتەوە.
بەپێی ئەو سەرچاوانە، عێراقیش بێبەش نابێت لە کاریگەریی ئەو داڕمانە و چەند شارێکی سنووری پارێزگای ئەنباریش دەکەونە ژێر کاریگەریی داڕمانی بەنداوی تشرین و تاڕادەیەک، زیانیان بەردەکەوێت.