کارەبای سلێمانی: دۆخی کارەبا بەرەو ئاساییبوونەوە دەڕوات

١٨ کانونی دووەمی ٢٠٢٥

بڵاویبکەرەوە لە

دوای ئەوەی شەوی رابردوو وەزارەتی کارەبای حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێم رایگەیاند: "بۆ 10 کاتژمێر پەستانی گاز کەمبووەتەوە و 750 مێگاوات کارەبا بەو هۆیەوە کەمبووەتەوە"، بەڕێوەبەری کۆنترۆڵی کارەبای سلێمانی دەڵێت، دۆخی پەستان ئاسایی بووەتەوە و کارەباش بەرەو ئاساییبوونەوە دەڕوات.

غالب محەممەد، بەڕێوەبەری کۆنترۆڵی کارەبای پارێزگای سلێمانی لە لێدوانێکدا رایگەیاند: "کێشەی پەستانی گاز ئەمڕۆ لە کۆمپانیای دانەگازەوە چارەسەرکرا و دۆخەکە ئاسایی بووەوە".

ئاماژەی بەوەشکرد: "ئاساییبوونەوەی دۆخی کارەبا بۆ پێش کێشەی پەستانی گاز 24 کاتژمێری دیکەی پێویستە و سبەی دۆخەکە بە تەواوی ئاسایی دەبێتەوە".

غالب محەممەد لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەشكرد، ئێستا لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە لە دۆخی ئاساییدا شەش بۆ حەوت کاتژمێر کارەبا دەدەن، بەڵام دوێنێ لە 24 کاتژمێردا، نزیکەی چوار کاتژمێر کارەبا دراوەتە ئەو دوو پارێزگایە".

لەبارەی خۆی کارەبای هەولێر و دهۆکەوە، بەڕێوەبەری کۆنترۆڵی کارەبای پارێزگای سلێمانی وتی: "دۆخی هەولێر و دهۆک کەمێک لە ئێمە باشترە و نزیکەی یەک کاتژمێر کارەبا زیاتر دەدەن".

درەنگانی شەوی رابردوو، وەزارەتی کارەبای حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێمی کوردستان لە روونکردنەوەیەکدا رایگەیاند: "لە چوارچێوەی پەرەپێدانی كێڵگەی كۆرمۆر بۆ بەرهەمهێنانی گاز، بۆ ماوەی 10 کاتژمێر پەستانی غاز كەمبووەتەوە و بەهۆیەوە 750 مێگاوات كارەبا كەمبووەتەوە".

وەزارەتەکە ئاماژەی بەوەش کرد: "بەهۆی هەندێک گرفتی تەكنیكییەوە کارەکان دواكەوتووە و بەپێی ئەو پلانەی كۆمپانیای دانەغاز دایناوە بڕیارە تاوەکو کاتژمێر (08:00)ی بەیانیی رۆژی شەممە دۆخەكە ئاسایی ببێتەوە".

هەر لە روونکردنەوەکەی وەزارەتی کارەبادا هاتووە: "تیمەكانی كۆنترۆڵی كارەبا بە هەماهەنگی لەگەڵ تیمەكانی بەرهەمهێنانی كارەبا بڕی 250 مێگاوات كارەبایان لە هەردوو وێستگەی دووکان و دەربەندیخان زیادكردووە".