بەنیازبوون لە ڕێگەی یاری تاوڵەوە نیو کیلۆ مادەی هۆشبەر بگوازنەوە

١٤ کانونی دووەمی ٢٠٢٥

بڵاویبکەرەوە لە

بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددەهۆشبەرەکان ڕایگەیاند، دوو تۆمەتبار بەنیاز بوون لە ڕێگەی یاری تاوڵەوە نیو کیلۆ ماددەی هۆشبەر بگوازنەوە بۆ دەرەوەی وڵات.

بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددەهۆشبەرەکانی دەزگای ئاسایشی هەرێم لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاند: “ڕۆژی 12-1-2025، بەڕێوەبەرایەتیەکەمان دوای بەدواداچوون و کۆکردنەوەی زانیاری، لەسەر فەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایش، توانیان پیلانی جیاوازی گواستنەوە و شاردنەوەی ماددەی هۆشبەر لەناو ( یاری تاوڵە )ئاشکرا بکەن، دوو تۆمەتباری بازرگان دەستگیربکرێت”.

ئاشکراشیکرد: “لەچوارچێوەی هەڵمەتە بەردەوامەکانی بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددەهۆشبەرەکان, لەم چالاکییەدا لە ناو شاری سلێمانی، دەستگیرا بەسەر بڕی زیاتر لە نیوکلیۆگرام ماددەی هۆشبەر لە جۆری( تلیاک)، ماددەکە لەدەرەوە هێنرابووە هەرێمی کوردستان و هەوڵی ناردنی بۆ ووڵاتی ئوسترالیا و دواتر بۆ ووڵاتی بریتانیا درابوو”.

باسی لەوەشکرد: “لەئێستادا تۆمەتبار بەماددەی 25 لەیاسای بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان و کارتێکارە ئەقڵیەکان ڕاگیراوە و لێکۆڵینەوە لەدۆسیەکەی بەردەوامە”.