سودانی پرسی پەنابەران دەباتە بەریتانیا

١٤ کانونی دووەمی ٢٠٢٥

بڵاویبکەرەوە لە

سەرۆکوەزیرانى عێراق لەئێستادا لە بەریتانیایە و جگە لە واژۆکردنى رێککەوتنێکى هاوبەشیی ستراتیجی، گفتوگۆ لەسەر پرسی پەنابەرانیش دەکات.

محەممەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانى عێراق بە ئاژانسى فرانس پرێسی راگەیاندووە، سەرەتایەکى نوێ بۆ پەیوەندییەکانى نێوان بەریتانیا و عێراق بەتایبەت پەیوەندى ئەمنیى دێتە کایەوە.

لەلایەکى دیکەشەوە، کییەر ستارمەر، سەرۆکوەزیرانى بەریتانیا لە راگەیەندراوێکدا پێشوازیی لە هاریکاریی نێوان وڵاتەکەى و عێراق کرد و نوسیویەتی، ئەو هەماهەنگییە سوودى هاوبەشى بۆ هەردوولا لە بوارەکانى ئەمنیى و سەربازیی دەبێت.

سەرۆکوەزیرانى بەریتانیا راشیگەیاندووە، ساڵى رابردوو قەبارەى ئاڵوگۆڕى بازرگانیى نێوان بەریتانیا و عێراق گەیشتووەتە زیاتر لە 14.3 ملیار دۆلار.

هەر لە راگەیەندراوەکەى سەرۆکوەزیرانى بەریتانیادا هاتووە، ستارمەر و سودانی گفتوگۆ لەبارەى رێککەوتنى نوێ بۆ گەڕانەوەى پەنابەران دەکەن، بەگوێرەى ئەو بەرنامەیەى بەریتانیا لە مانگى تشرینى دووەمى ساڵى 2024 رایگەیاندووە، بەناوى بەرەنگاربوونەوەى کۆچى نایاسایی و پاراستنى سنوورەکانى.

ئەوەشخراوەتەڕوو، بەریتانیا بەبەهاى زیاتر لە 81 ملیۆن یۆرۆ هاوکاریی عێراقى کردووە بۆئەوەى رێگریى لە کۆچى نایاسایی و باندەکانى قاچاغچییەتی بەمرۆڤەوە بکات.

دوێنێ دووشەممە، 13ـی کانوونى دووەم، سەرۆکوەزیرانى عێراق گەیشتە بەریتانیا و ماوەى سێ رۆژ لەو وڵاتە دەمێنێتەوە، بڕیارە جگە لە دیدارە سیاسییەکانى، دیدارى بازرگانییشى هەبێت.