١٣ کانونی دووەمی ٢٠٢٥
سەرۆكی هاوپەیمانی فەتح ڕایگەیاند، بەم زووانە كێشەی مووچەی هەرێم چارەسەر دەبێت.
هادی عامری، سەرۆكی هاوپەیمانی فەتح دوای كۆبوونەوەی لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، لە ساڵی 2024دا كێشەی مووچەی هەرێم تا ڕادەیەكی باش چارەسەر كراوە و لەمساڵدا بەتەواوی كێشەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم چارەسەر دەبێت.
ئاماژەی بەوەشکرد، هەرێمی كوردستان بەشێكە لە عێراق و هیچ كێشەیەك لەنێوان حكومەتی فیدڕاڵی و حكومەتی هەرێم نەماوە.
ئەوەشی خستەڕوو، لە هەناردەی نەوت كێشەیەك هەبوو ئەویش نرخی تێچووی دەرهێنانی نەوت بوو، كە بە هەمواركردنەوەی بودجە ئەو كێشەیە چارەسەر دەبێت و زۆر گرنگە نەوتی هەرێم لە ڕێگەی بۆرییەوە ڕەوانە بكرێت و پارەكەی بگەڕێتەوە بۆ حكومەتی فیدڕاڵی.
سەبارەت بە نەوتی كەركوك دەشڵێت؛ قبوڵ ناكەین نەوتی هەرێم و كەركوك بە هاوبەشی لەگەڵ هەرێمی كوردستان هەناردەی دەرەوە بكەین، چونكە ئەوە دەسەڵاتی حكومەتی فیدڕاڵییە.