١٣ کانونی دووەمی ٢٠٢٥
وەزیری پەروەردەی حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێم رایگەیاند، کرێی دوو مانگی ساڵی ڕابردووی مامۆستایانی وانەبێژ لای حکومەت ماوە. دەشڵێت: "بۆ ئەو مەبەستە قسەمان لەگەڵ بەڕێوەبەری گشتیی ژمێرکاریی وەزارەتی دارایی کردووە و دڵنیایی پێداین کە ئەو مافە نافەوتێت و بە دڵنیاییەوە لە زووترین کاتیشدا دابەشی دەکەن".
ئەمڕۆ دووشەممە، ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردەی حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێمی کوردستان لەبارەی کرێی مامۆستایانی وانەبێژ بۆ مانگەکانی حەوت و هەشتی ساڵی ڕابردوو ڕایگەیاند: "مامۆستایانی وانبێژ کراونەتە گرێبەست، بەڵام کرێی دوو مانگی ساڵی ڕابردوویان وەک وانەبێژ لای حکوومەت ماوە، بۆ ئەو مەبەستە قسەمان لەگەڵ بەڕێوەبەری گشتیی ژمێرکاریی وەزارەتی دارایی کردووە و دڵنیایی پێ داین کە ئەو مافە نافەوتێ و بە دڵنیاییەوە لە زووترین کاتیشدا دابەشی دەکەن".
هاوکات ئەمڕۆ وەزارەتی پەروەردە سیستمی (ئی هەڵسەنگاندن)ـی ڕاگەیاند، کە تایبەتە بە پلاتفۆڕمی هەماهەنگیی نێوان قوتابخانە و خێزانی قوتابی، تا لەو ڕێگەیەوە ئاستی هەڵسەنگاندن و کێشە و گرفتەکانی قوتابی لەنێوان هەردوولادا ئاڵوگۆڕ بکرێت و گفتوگۆی لەسەر بکرێت.
بە وتەی وەزیری پەروەردە، تائێستا 396 قوتابخانە لە سیستمەکەدا تۆمارکراون کە زیاتر لە 150 هەزار قوتابیی تێدایە، تۆمارکردنەکەش تا دوایین قوتابخانەی حکومی و ناحکومی بەردەوام دەبێت.