١٢ کانونی دووەمی ٢٠٢٥
د. نەرمین مەعروف ڕایگەیاند، "بڕیاردراوە لیژنەیەک بۆ بەدواداچوونی مووچەی مانگی 12 و شایستە داراییەکانی هەرێم پێکبهێنرێت".
د. نەرمین مەعروف، ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە لێدوانێکدا ڕاگەیاند: “کۆبوونەوەی لیژنەی دارایی لەگەڵ تەیف سامی وەزیری دارایی تایبەت بوو بە هەموواری بودجە و چەند پرسێکی دارایی، لە هەمواری بودجەدا کە تایبەته بە تێچووی دەرهێنان و گواستنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان کە پێش پشووی پەرلەمان هاتۆتە ئەنجومەنی نوێنەران،خوێندنەوەی یەکەمی بۆ کراوە، بەڵام بەهۆی پشووەکانەوە رێکارەکانی دیکە تەواو نەکرا، ئەم پرسەمان لەگەڵ وەزیری دارایی باس کرد”.
باسی لەوەشکرد: “پرسیاری مووچەی مانگی 12 مان لە وەزیری دارایی کرد، ئەو رایگەیاند کە مووچەکەیان ناردووە، بەڵام بەپێی خەرجی فعلی هەر ئەوەندە لە پشکی هەرێم ماوەتەوە، لەبەر ئەوەی لە کۆی 156 ترلیۆن دینار حکومەتی فیدراڵی 11 ترلیۆنی بۆ هەرێم ناردووە، بۆیە ئەو خەرجیە فعلیەی کە بەر هەرێم دەکەوێت کەمترە لەوەی کە لە خشتەکانی بودجەدا هاتووە، ئەمەش وایکردووە ئەو پارەیەی حکومەتی بەغدا ناردوویەتی کەمترێکە لەو پارەیەی کە بۆ مانگێک پێویستە”.
ئاشکراشیکرد: “ئەو لێکدانەوەیەی وەزارەتی دارایی کە بۆ بودجە و پشکی هەرێم کردوویەتی جێگای رەزامەندی ئێمە نەبوو، چونکە بەپێی بڕیاری دادگای فیدراڵی پێویستە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بە تەواوەتی بنێردرێت و دووربێت لە خەرجی فعلی، بۆیە ئێمە کە نەگەیشتینە ئەنجام بڕیاردرا لیژنەیەک بۆ بەدواداچوونی مووچەی مانگی 12 و شایستە داراییەکانی هەرێم لە ساڵی 2024 و 2025 پێکبهێنرێت، هەر دوێنی لیژنەکە پێکهێنرا”.
ئەوەشی خستەڕوو: “یاسای بودجە بۆ ماوەی سێ ساڵ دانراوە،کە ساڵانی 2023 و 2024 و 2025 ـه، بەڵام ئەگەر رێککەوتنێکی سیاسی نوێ لە نێوان هەرێم و بەغداد بکرێت، ئەوا بێگومان رۆڵی خۆی دەبێت، هاوکات پابەندی هەرێم بە بڕیاری دادگای فیدڕاڵیش گرنگە بە تایبەت ئەوەی پەیوەستە بە بانکی کردنی مووچەی مووچەخۆران و داهاتە نانەوتییەکان، ئەمەش گرنگە و رۆڵیان دەبێت بۆ مووچەی ساڵی ئایندە”.