پارەی کارمەندانی سەرژمێری دابەشدەکرێت

١٢ کانونی دووەمی ٢٠٢٥

بڵاویبکەرەوە لە

بەڕێوەبەری جێبەجێکاری سەرژمێریی هەرێم رایگەیاند، مووچە و شایستە داراییەکانی کارمەندانی کۆمیسیۆن گەیشتووەتە هەرێم و بەم نزیکانە دابەشدەکرێت.

ئەمڕۆ یەکشەممە، مەحمود عوسمان، بەڕێوەبەری جێبەجێكاری سەرژمێری لە هەرێمی كوردستان لە لێدوانێکدا رایگەیاند، مووچە و شایسته داراییەکانی کارمەندانی کۆمسیۆن و بژمێرەکان بۆ رۆژانی سەرژمێری گەیشتە هەرێمی کوردستان، بەڵام پارەکە بەش بەش لە بانک وەردەگیرێت.

ئاماژەی بەوەشکرد، پارەکە لە بانک وەردەگیرێت و رادەستی ژمێریاریی بەڕێوەبەرایەتییەکانی ئاماری پارێزگاکان دەکرێت، بۆ ئەوەی بەسەریاندا دابەشی بکەن.

مەحمود عوسمان وتیشی، لە هەفتەی رابردووەوە دەستکراوە بە دابەشکردنی پارە و بەردەوام دەبێت تاکو دوا کارمەند و بژمێر وەریدەگرێت و مافی هەمووان پارێزراوە.

بەڕێوەبەری جێبەجێکاری سەرژمێریی هەرێم باسی لەوەشکرد، بەگشتی 27 هەزار کارمەندی سەرژمێری لە هەرێمی کوردستان مووچە و شایستەی داراییان هەیە.