وەزارەتی کارەبا: کورتهێنانمان هەیە لە بەرهەمهێنانی کارەبا

١١ کانونی دووەمی ٢٠٢٥

بڵاویبکەرەوە لە

وەزارەتى کارەبای حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێم رایگەیاند، خواست لەسەر کارەبا حەوت هەزار و 500 مێگاواتى تێپەڕاندووە، لەکاتێکدا بەرهەمهێنانى تەنیا سێ هەزار و 500 مێگاواتە، دڵنیاییش دەدات کە "دۆخەکە بەرەو باشبوون دەچێت".

وەزارەتى کارەبای حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێمی کوردستان لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، خواست لەسەر کارەبا حەوت هەزار و 500 مێگاواتە، بەرهەمهێنان سێ هەزار و 500، لەگەڵیشیدا هەزار و 500 مێگاوات زیادکراوە، بەڵام 460 هەزار هاوبەشى نوێی کارەبا زیادبوون و خواستى کارگەکان و پرۆژەکانى وەبەرهێنان و سیتییەکانیش زیاتر بووە.

ئاماژە بۆ ئەوەشکراوە، لە ساڵى رابردوودا، تێکڕاى کاتى پێدانى کارەبا بە هاوبەشانى کارەبا، 12 کاتژمێر و 44 خولەک بووە.

وەزارەتی کارەبا باسی لەوەشکردووە، تێچووى بەرهەمهێنانى کارەبا و کێشە تەکنیکییەکان و هێرشە تیرۆرستییەکان بۆسەر کێڵگەکانى گاز، هۆکارێکى دیکەى کەمبوونەوەى کارەبا بوون و کێشەیان بۆ بەرهەمهێنان دروستکردووە.

لەگەڵ ئەمانەشدا، وەزارەتەکە دڵنیایی دەدات لەوەى لە رێگەی سیستمی پێوەری زیرەك و پرۆژەی رووناكیی 24 كاتژمێری، "دۆخی کارەبا بەرەو باشبوون دەچێت".