١١ کانونی دووەمی ٢٠٢٥
سەرەڕای لاوازبوونی خێرایی با، بەڵام ئاگرەکەی لۆس ئەنجلس بەردەوامە لە تەشەنەسەندن و تاوەکو ئێستاش لانیکەم 11 کەس گیانیان لەدەستداوە.
ماوەی هەفتەیەکە، ئاگرێکی گەورە لە کالیفۆرنیا کەوتووەتەوە و بەشێوەیەکی چاوەڕواننەکراو تەشەنەی سەندووە و تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە ناتوانن کۆنتڕۆڵی بکەن.
بەگوێرەى نوێترین ئامارەکان کە دەسەڵاتدارانی لۆس ئەنجلس ئاشکرایانکردووە، لانیکەم تاوەکو ئێستا 11 کەس گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە 10 هەزار باڵەخانەش سووتاون و فەرمان بە 150 هەزار کەس کراوە ماڵەکانیان چۆڵبکەن.
بەگوێرەى شارەزایان، لاوازبوونی خێرایی با پێدەچێت یارمەتیی تیمەکانی بەگریی شارستانی بدات بۆ کوژاندنەوەی ئاگرەکە، کە لە ئێستادا لە پێنج ناوچەی جیاواز چالاکە.
هاوکات، بۆ رێگری لە تاڵانی و دزیکردن، پۆلیسی لۆس ئەنجلس، قەدەغەی هاتوچۆی لە ناوچە چۆڵکراوەکان سەپاندووە.