٩ کانونی دووەمی ٢٠٢٥
فەرماندەی هێزەکانی سووریای دیموکرات ڕایگەیاند، کشانەوەی سەربازانی ئەمریکا لە سوریا لە ئێستادا دەتوانێت ببێتە هۆی گەڕانەوەی داعش.
مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی هێزەکانی سووریای دیموکرات، لە چاوپێکەوتنێکدا ڕایگەیاند، بە کشانەوەی هێزێکی دوو هەزار سەربازی ئەمریکی دەرگای گەڕانەوەی داعش بە کراوەیی دەهێڵێتەوە.
عەبدی داوای لە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمەریکا کرد، بوون و مانەوەی سەربازیی ئەمریکا لە ناوچەکەدا بپارێزێت و هۆشداریشیدا لەوەی کشانەوەی هێزەکانیان مەترسی گەڕانەوەی داعش دروست دەکات.
ئەوەشی خستەڕوو، داعش دوای دەستبەسەرداگرتنی چەک لە ڕژێمی ڕووخاو ئەسەد، لە بیابانەکاندا هێزی خۆی زیاد کرد، هاوکات هێزەکانی هەسەدە بەهۆی ڕووبەڕووبوونەوەیان لەگەڵ گرووپە چەکدارەکان و سوپای تورکیا لە ناوچەکە هۆکارێکی ترن بۆ بەهێزبوونی داعش.
ئاماژەی بەوەشکرد، فاکتەری سەرەکی بۆ گەیشتن بە سەقامگیری لەم ناوچەیەدا بوونی ئەمریکایە.