٩ کانونی دووەمی ٢٠٢٥
فەرماندەی هێزەكانی سووریای دیموكرات، سەبارەت بە كۆبوونەوەیان لەگەڵ دەسەڵاتی نوێی سووریا و ڕێككەوتنیان ڕاگەیاندراوێكی بڵاوكردەوە.
مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی هێزەكانی سووریای دیموكرات لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاند، لە كۆتایی مانگی ڕابردوودا سەركردایەتییان لەگەڵ دەسەڵاتی نوێی سووریا لە دیمەشق كۆبوونەوەیەكی ئەرێنیان ئەنجامداوە، كە لەو ماوەیەدا باسیان لە بەهێزكردنی یەكێتی خاكی سووریا كردووە.
ئەوەشی خستەڕوو، ڕێككەوتن و كۆك بوون لەسەر ئەوەی یەكگرتوویی خاكی سووریا ئامانجێكی هاوبەش بێت، هەروەها هەر پرۆژەیەك ڕەتبكەنەوە كە هەڕەشە لەم یەكڕیزییە بكات، هەورەها گفتوگۆ لەسەر قۆناغی داهاتووی دوای ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد و چۆنیەتی پێشخستنی سووریا كرا.
جەختی لەوەشکردەوە، گرنگی ئەم سەقامگیرییە كردەوە بەمەبەستی ڕەخساندنی كەشێكی گونجاو بۆ گفتوگۆی بنیاتنەری سووریا، باس لە پێویستی دەستوەردانی حكومەتی سووریا بۆ ئاگربەست لە سەرتاسەری وڵاتدا كرا.
ئەمە لە کاتێکدایە، لە 30-12-2024دا شاندێكی هێزەكانی سوریای دیموكرات لەگەڵ ئەحمەد شەرع سەرۆكی ئیدارەی نوێی سوریا كۆبووەوە، ئەمەش یەكەم دانوستانە لەنێوان هەردوولا لەدوای ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد.