٨ کانونی دووەمی ٢٠٢٥
ئازاری سینگ یەکێکە لە باوترین جۆرەکانی ئازار لە جیهاندا، پسپۆڕانی بواری تەندروستی هۆشداری دەدەن بە هاوڵاتییان لە کاتی هەبوونی ئازار لە ناوچەی سینگدا، دەستبەجێ سەردانی نەخۆشخانەکان بکەن.
پسپۆڕان ئاماژە بەوە دەدەن، هەندێک جۆر لە ئازاری سینگ پەیوەندییان بە ماسولکەی دڵ و دەمارەکانی نییە، ئەو ئازارانەش بریتین لە:
ئازاری ماسولکە و ئێسکەکان
ئەم جۆرە ئازارە بە شێوەیەکی گشتی لە ناوچەی سینگدا هەستی پێدەکرێت، کاتێک کەسەکە شتێکی قورس هەڵدەگرێت یاخود جوڵەیەکی لەناکاو دەکات.
ئازاری سییەکان
ئەم جۆرە ئازارەیان بەهۆی توشبوونی سییەکان بە نەخۆشی، یاخود گیران، یانیش هەوکردن لە سییەکاندا ڕوودەدات.
گەڕانەوەی ترشەڵۆکی گەدە
ئەم جۆرە ئازارەیان زیاتر لە کاتەکانی پاش نانخواردن هەستی پێدەکرێت، یاخود لە کاتی گەدەی بەتاڵ.
ئازاری فتقی گەدە
ئەم ئازارەیان بەهۆی سەرکەوتنی بەشێکی گەدە بۆ ناو قەفەزەی سینگ دروستدەبێت.
ترس و دڵەڕاوکێ
ئەم ئازارەیان پەیوەندیی بە لایەنی دەروونیی کەسەکەوە هەیە، جەستە دەچێتە بارودۆخی ئاگاداری و ئەم ئازارە دروستدەکات.
هەوکردنی درێژخایەنی قەفەسەی سینگ
ئەم ئازارە ڕوودەدات کاتێک قەفەسەی سینگ و پەراسووەکان توشی هەوکردنی درێژخایەن دەبنەوە و بەشێوەیەکی گشتی خۆی چاکدەبێتەوە، بەڵام پێویستی بە کاتی زۆر هەیە.
ئازاری دەماری ناوچەی سینگ
ئەم ئازارەیان کاتێک ڕوودەدات، کە زەبرێکی توند یاخود هەوکردن لە ماسولکەکانی سینگدا ڕوودەدات.
پچڕانی بەستەری سینگ
یەکێکە لە هۆکارەکانی دروستبوونی ئازار لە ناوچەی سینگدا.
لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا، پسپۆڕان دەڵێن پێویست دەکات لە کاتی هەستکردن بە بچوکترین ئازار لە سینگدا، هاوڵاتییان بەپەلە سەردانی نزیکترین بنکەی تەندروستی بکەن.
نیشانەکانی نەخۆشیی دڵ
ماندوبوون و شەکەتیی زۆر لەکاتی ڕێکردن لە ماوەیەکی کەمدا.
ئازاری سینگ، کە بڵاودەبێتەوە بۆ پشت، شان، مل، قۆڵ و شەویلگە.
ئارەقەکردنەوەی سارد.
تەنگەنەفەسی.
گێژبوون.
ئازاری سینگ.
هەستکردن بە قورساییەکی زۆر لەسەر ناوچەی سینگ.
دڵەکزێ.
لە کۆتاییدا گرنگە لەکاتی هەستکردن بە بچوکترین ئازار لە ناوچەی سینگدا، بە خێرایی و دەستبەجێ سەردانی نزیکترین بنکەی تەندروستی بکرێت.