ڤایرۆسێکی نوێ لە چین سەریهەڵداوە و مەترسیی بڵاوبوونەوەی بە جیهاندا هەیە

٨ کانونی دووەمی ٢٠٢٥

بڵاویبکەرەوە لە

بەپێی ڕاپۆرتە رۆژنامەوانییەکانی وڵاتی چین، ڤایرۆسێکی نوێی شێوە گۆڕاو نەخۆشخانەکانی ئەو وڵاتەی پڕکردووە و مەترسیی بڵاوبوونەوەی جیهانیی لەسەرە.

ماوەی چەند هەفتەیەکە، ڤایرۆسێکی نوێی شێوەگۆڕاو لە وڵاتی چین بڵاوبووەتەوە و پسپۆڕانی بواری تەندروستی هۆشداریی توند دەدەن دەربارەی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە بە تەواوی جیهاندا.

میدیاکانی چین باس لەوە دەکەن، لە نەخۆشخانەکاندا شوێن نەماوە بۆ وەرگرتنی نەخۆشی نوێ و خەریکە توشی کارەساتێکی گەورەتر لە ڤایرۆسی کۆرۆنا دەبنەوە. لەئێستادا داوا دەکرێت تەواوی وڵات باری نائاسایی ڕابگەیەنێت.

چەند زانیارییەک لەسەر ئەو ڤایرۆسە:

- ڤایرۆسەکە ناوی HMPVـە، ڤایرۆسێکی شێوە گۆڕاوە و بە هەوادا بڵاودەبێتەوە.

- بۆ یەکەم جار لە ساڵی 2001 دۆزراوەتەوە

- تا ئێستا ڤاکسینی بۆ دروستنەکراوە

- بە هەوادا دەگوازرێتەوە

- کار لە کۆئەندامی هەناسە دەکات

- ڤایرۆسەکە لە کۆرۆنا خێراتر بڵاودەبێتەوە

نیشانەکانی توشبوون بەم ڤایرۆسە چین؟

- کۆکە

- تا

- هەڵامەت

- شەکەتی

- ئازاری سینگ

کێن ئەو کەسانەی ئەگەری توشبوونیان زیاترە؟

- منداڵانی خوار 14 ساڵ

- ئەو کەسانەی تەمەنیان سەروو 50 ساڵە

- ئەو کەسانەی بەرگریی جەستەیان لاوازە

- ئەو کەسانەی نەخۆشیی دریژخایەنیان هەیە

- ئەو کەسانەی نەخۆشیی کۆئەندامی هەناسەیان هەیە وەک نەخۆشییەکانی (رەبۆ و گیرانی درێژخایەنی سییەکان)

چۆنیەتیی خۆپاراستن لە ڤایرۆسی HMPV

- بەستنی ماسک و لەدەستکردنی پەنجەوانە

- شوشتنی دەست بە لایەنی کەمەوە بۆ ماوەی یەک خولەک بە ئاوی شلەتێن و سابوون

- تێکەڵنەبوون بە جێگەی قەرەباڵغ و داخراو

- خواردنەوەی شلەمەنیی زۆر، بەتایبەت ئاو

- دەستنەدان لە لوت و دەم

پسپۆڕانی بواری تەندروستی دەڵێن، ئەم ڤایرۆسە بۆ ماوەی سێ بۆ شەش رۆژ توشی نەخۆش دەبێت و تائێستاش نازاندرێت زیانە لاوەکییەکانی ڤایرۆسەکە چین.

ئەمە یەکەم جار نییە لە وڵاتی چینەوە نەخۆشی بڵاوببێتەوە، لە پێشوودا و لە کۆتاییەکانی ساڵی 2019ـدا، ڤایرۆسی کۆڤید 19 (کۆرۆنا) لە شاری ووهان بڵاوبووەوە و هەرزوو سەرانسەری جیهانی تەنی و زیاتر لە حەوت ملێۆن کەس بەهۆیەوە لە تەواوی جیهاندا گیانیان لەدەستدا.