پەیامی وەزارەتی دارایی لەبارەی مووچەی مانگی 12

٧ کانونی دووەمی ٢٠٢٥

بڵاویبکەرەوە لە

وتەبێژی وەزارەتی دارایی حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێم رایگەیاند: "دڵنیا نیین لەوەی ئەمساڵ، پرۆسەی ناردن و دابەشکردنی مووچەی مووچەخۆران بەبێ گرفت تێبپەڕێت".

هونەر جەمال، وتەبێژی وەزارەتی دارایی حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکدا رایگەیاند، عێراق هەمیشە کێشەی نوێیان بۆ دروستدەکات و دڵنیا نین لەوەی ئەمساڵ پرۆسەی ناردن و دابەشکردنی مووچە بەبێ گرفت بێت.

هونەر جەمال لە درێژەی قسەکانیدا ئەوەشی ئاشکرا کرد، تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق هەندێک بەڵێنی پێداون.

لەبارەی مووچەی مانگی 12ـی ساڵی رابردووەوە وتی: "لە بەغدا تەیف سامی لەبارەی مووچەی مانگی 12ـوە پێی وتووین، چارەسەری دەکەم، بەڵام یەک تۆز لەسەرم بووەستن، کێشەی نەختینەمان هەیە".

ئەمەش لەکاتێکدایە، لە ساڵی 2025ـداین و تا ساتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵەش، مووچەی مانگی 12ـی ساڵی رابردووی مووچەخۆرانی هەرێم دابەشنەکراوە و لەوبارەیەشەوە، هەرێم و بەغدا یەکتر بە دواخستنی مووچە تۆمەتباردەکەن.