حکومەتی کاربەڕێکەر: عێراق تا ئێستا زیاتر لە 10 تریلیۆن دیناری له‌ پشكی هه‌رێمی نه‌ناردووه

٦ کانونی دووەمی ٢٠٢٥

بڵاویبکەرەوە لە

حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێم ڕایگەیاند، حکومەتی فیدراڵی عێراق تا ئێستا 10.2 تریلیۆن دیناری له‌ پشكی هه‌رێمی كوردستان نه‌ناردووه‌.

ئەمڕۆ دووشەممە، 6-1-2025، فه‌رمانگه‌ی میدیا و زانیاریی حكومه‌تی کاربەڕێکەری هه‌رێمی كوردستان لە بڵاوکراوەیەکدا ڕایگه‌یاند، دوای په‌سندكردنی بودجه‌ی عێراقی فیدراڵ، پشكی هه‌رێمی كوردستان بۆ ساڵی 2024 بریتی بوو له‌ زیاتر له‌ 20،910،463،950 تریلیۆن دینار.

ڕوونیشیکردەوە، ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ وه‌كوو پشكی هه‌رێمی كوردستان دوای ڕێككه‌وتنی سیاسی و په‌سندكردنی یاسای بودجه‌ی فیدراڵ جێگیر كرا، به‌ڵام حكومه‌تی فیدراڵی عێراق تا ئێسته‌ 10.7 تریلیۆن دیناری بۆ هه‌رێمی كوردستان ناردووه‌، واته‌ 10.2 تریلیۆن دیناری له‌ پشكی هه‌رێمی كوردستان نه‌ناردووه‌.

ئەوەشی خستەڕوو، حكومه‌تی فیدراڵ ته‌نیا 6.4%ـی له‌ داهاتی گشتیی عێراق بۆ هه‌رێمی كوردستان ناردووه‌، له‌ كاتێكدا پشكی هه‌رێمی كوردستان به‌پێی یاسای بودجه‌ بریتییه‌ له‌ 12.6%.

باسی لەوەشکرد، ئه‌و 10.2 تریلیۆن دیناره‌ی عێراق بۆ هه‌رێمی كوردستانی نه‌ناردووه‌، بۆ خه‌رجییه‌كانی وه‌ك؛ ته‌ندروستی، په‌روه‌رده‌ و شاره‌وانی، هێزی پێشمه‌رگه‌ و داموده‌زگه‌كانی حكوومه‌ت و خه‌رجییه‌كانی ژێرخانی ڕێگه‌وبان و ڕاییكردنی مامه‌ڵه‌كانی هاووڵاتییانه‌.