لە رۆژانی کۆتایی دەسەڵاتەکەی؛ پوتن وەڵامی پەیوەندییەکانی ئەسەدی نەداوەتەوە

٦ کانونی دووەمی ٢٠٢٥

بڵاویبکەرەوە لە

بەڕێوەبەری نوسینگەی بەشار ئەسەد رایگەیاندووە، لە رۆژانی کۆتایی دەسەڵاتەکەی ئەسەددا، ناوبراو چەندین جار پەیوەندیی بە سەرۆکی رووسیاوە کردووە، بەڵام وەڵامی نەداوەتەوە.

کامل سەقەر، بەڕێوەبەری نوسینگەی بەشار ئەسەد باس لە وردەکاریی کۆتا رۆژەکانی دەسەڵاتی ئەسەد دەکات و لە لێدوانێکیدا رایگەیاندووە: "لە کۆتا رۆژەکاندا بۆ ماوەی سێ رۆژ، ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی رووسیا وەڵامی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکانی بەشار ئەسەدی نەدایەوە".

وتیشی: "بەشار هەستی بە تەنهایی دەکرد، لەگەڵ ئەوەشدا زیاتر متمانەی بە رووسیا بوو وەک لە ئێران. دوای ئەوەش کە ئەسەد بێهیوا بووە لە بەهاناوەچوونی دۆستەکانی، بە ناچاری بڕیاریداوە سووریا جێبێڵێت و بۆ مۆسکۆ هەڵبێت".

رۆژی 27-11-2024، گرووپە چەکدارەکانی ئۆپۆزسیۆنی سووریا بە سەرکردایەتیی ئەحمەد جۆلانی، هێرشی بەرفراوانیان بۆ کۆنترۆڵکردنی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی بەشار ئەسەد دەستپێکرد و دوای کۆنترۆڵکردنی حەلەب، حەما، دەرعا، سوەیدا و قونەیترە؛ بەرەبەیانیی رۆژی یەکشەممە، 08-12-2024، چوونە ناو حومس و دیمەشق و کۆتاییان بە دەسەڵاتی 24 ساڵەی ئەسەد هێنا.