عێراق دەستی بە دابەشکردنی مووچەی مانگی یەک کرد

٥ کانونی دووەمی ٢٠٢٥

بڵاویبکەرەوە لە

وەزارەتی دارایی عێراق رایگەیاند، دەستیان بە دابەشکردنی مووچەی مانگی یەکی خانەنشینانی سەربازی و مەدەنی و چاودێریی کۆمەڵایەتی کردووە.

فەرمانگەی میدیایی وەزارەتی دارایی عێراق لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، فەرمانگەی ژمێریاریی وەزارەت ئەمڕۆ یەكشەممە دەستیكرد بە پارەداركردنی مووچەی خانەنشینانی مەدەنی و سەربازی، سەرەڕای مووچەی چاودێریی كۆمەڵایەتی بۆ ئەم مانگە، كە لەڕێی بانكەكانی رافیدەین و رەشیدەوە خەرجدەكرێت.

روونیشیكردەوە، خانەنشینان، ئەوانەی نامەیان پێدەگات، دەتوانن سەردانی لقەكانی هەردوو بانك، یان ئامێرەكانی پارەدانی ئەلیكترۆنی لە بەغدا و پارێزگاكانی دیكە بكەن بۆ وەرگرتنی مووچەكانیان.

وەزارەتی دارایی عێراق دووپاتیشیدەكاتەوە: "مووچەی خانەنشینان و چاودێریی کۆمەڵایەتی بە تەواوی دابینكراوە، هیچ گرفتێك لە بواری نەختینە تایبەت بە مووچە بوونی نییە، هەموو ئەوەی بەپێچەوانەی ئەوەوە دەوترێت ناڕاستن و هیچ بنەمایەكیان نییە".