فازڵ نەبی: مەگەر موعجیزە رووبدات ئەگینا مووچەی مانگی 12 دابەشناکرێت

٥ کانونی دووەمی ٢٠٢٥

بڵاویبکەرەوە لە

فازڵ نەبی، بریکارێکی پێشووی وەزارەتی دارایی عێراق لەبارەی مووچەی مانگی 12ـوە هەواڵێکی بێئومێدکەر دەداتە مووچەخۆران و دەڵێت: "مەگەر موعجیزە رووبدات، ئەگینا مووچەی مانگی 12 بەداخەوە دابەشناکرێت".

فازڵ نەبی لە لێدوانێکدا رایگەیاند: "بەغدا مووچەی مانگی 12 نانێرێت و ئەمەش هەواڵێکی ناخۆشە، چونکە عێراق پێیوایە دەبێت هەرێمی کوردستان نیوەی داهاتی ناوخۆ بۆ مووچەخۆران خەرج بکات".

وتیشی: "نووسراوی ناردنی مووچەی مانگی 12 تەنیا لەبەر ئەوە کراوە توشی لێپرسینەوە نەبن"، بە وتەی بریکارەکەی پێشووی وەزارەتی دارایی عێراق، بەغدا تەنیا 264 ملیار دینار بۆ مووچەی مانگی 12 دەنێرێت.

ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێت: "مەگەر موعجیزە رووبدات، ئەگینا مووچەی مانگی 12 بەداخەوە دابەشناکرێت. بیانووی بەغدا ئەوەیە کە حکومەتی هەرێم داهاتی ناوخۆی نەناردووە".

ئەمە لەکاتێکدایە، لە ساڵی 2025ـداین و تا ئەم ساتەش، چارەنووسی مووچەی مانگی 12ـی مووچەخۆرانی هەرێم نادیارەو لەو بارەیەشەوە، هەرێم و بەغدا یەکتر بە هۆکاری دواخستنی دابەشکردنی مووچە تۆمەتبار دەکەن.