نیشانەکانی شێرپەنجەی کۆڵۆن

٣ کانونی دووەمی ٢٠٢٥

بڵاویبکەرەوە لە

بە پێی ئامارەکانی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی، شێرپەنجەی کۆڵۆن دوهەمین باوترین شێرپەنجەی بەربڵاوە لە سەرانسەری جیهاندا، پسپۆڕانی بواری تەندروستی، هۆشداری تووند دەدەنە هاوڵاتیان سەبارەت بە نیشانەکانی شێرپەنجەی کۆلۆن و داوا لە هاوڵاتیان دەکەن، نیشانەکان پشتگوێ نەخەن.

پسپۆڕان ئاماژە بەوە دەدەن، نیشانەکانی شێرپەنجەی کۆڵۆن بریتین لە:

گۆڕان لە شیوازی پیساییی کردندا وەک سکچوون، قەبزی، گیرخواردنی پیسایی لە کۆڵۆندا.

بینینی خوێن لە کاتی پیساییدا و گۆڕانی ڕەنگی پیسایی بۆ ڕەشی قەترانی.

ئازار و هەڵئاوسانی کۆلۆن بە شێوەیەکی بەردەوام.

کەمبوونەوەی کێشی زۆری جەستە بە خێرایی و لە ناکاوێکدا بەبێ ئەوەی خۆت هەوڵی کێش کەم کردنەوەت دابێت.

هەستکردن بە شەکەتی و ماندوبوون بە شێوەیەکی بەردەوام، سەرەڕای وەرگرتنی پشووی تەواوەتی.

کەم خوێنی و کەمی ئاسن کە دەکرێت یەکێک بێت لە نیشانەکان.

ئەو کەسانەی ئەگەری توشبوونیان بە شێرپەنجەی کۆڵۆن زیاترە لە کەسانی ئاسای کێن؟

ئەو کەسانی تەمانیان سەروو پەنجا ساڵە.

ئەو کەسانەی لە خێزانەکانیاندا مێژووی شێرپەنجەی کۆلۆن هەیە و یەکێک لە ئەندامانی خێزانەکەیان پێشتر توشبوی ئەم جۆرە شێرپەنجەیە بوون.

ئەو کەسانەی پێشووتر توشبووی شێرپەنجی کۆڵۆن بوون و چاک بوونەتەوە.

ئەو کەسانەی خواردنی لە قتووکراو و خێرا دەخۆن بە شێوەیەکی بەردەوام.

ئەو کەسانەی گرنگی بە خواردنی سەوزەمەنیەکان نادەن.

ئەو کەسەنەی زیاتر لە دە ساڵ بە بەردەوامی جگەرە دەکێشن و خواردنەوە کحولیەکان دەخۆنەوە.

زۆرجار شێرپەنجەی کۆڵۆن لە قۆناغە سەرەتاییەکاندا هیچ نیشانەیەکی نییە، هەربۆیە پشکنینی بەردەوام گرنگە بۆ ئەوەی زوو ڕێگری لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکە بگیرێت و دەست بە چارەسەرکردن بکرێت بە زووترین کات.

پسپۆڕان ئاماژە بە چەند ڕێگایەک دەکەن بۆ خۆپاراستن لە شێرپەنجەی کۆڵۆن لەوانە:

خواردنی خۆراکە تەندروستەکان وەک سەوزەمەنیەکان، ناوکەکان، ئەو خۆراکانەی دەوڵەمەندن بە فایبەر ڤایتەمینەکان.

دورکەوتنەوە لە جگەرە کێشان و خواردنەوە کحولییەکان.

وەرزشکردن بە شێوەیەکی بەردەوام.

دوەرکەوتنەوە لە ژینگە پیسکەرەکان وەک دوکەڵی کارگەکان.

پشکنینی پزیشکی بەردەوام.

بە پێی ڕاپۆرتی ساڵانەی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی ڕێژەی تۆمارکردنی حاڵەتی نوێی شێرپەنجەی کۆڵۆن ساڵانە بە نزیکەیی دەگاتە دوو ملیۆن توشبووی نوێ بۆ هەر ساڵێک.