بەلەمێکی کۆچبەران نوقمبوو و 20 کۆچبەر بێسەروشوێنن

١ کانونی دووەمی ٢٠٢٥

بڵاویبکەرەوە لە

بەلەمێكی كۆچبەران لە نزیك دوورگەی لامپێدوسای ئیتاڵیا ژێرئاو كەوت و بەپێی زانیارییەکان، تائێستا 20 كۆچبەر بێسەروشوێنن و حەوت كۆچبەری تریش رزگاركراون.

ئاژانسی ئانسای ئیتاڵیا لە راگەیەندراوێکدا بڵاویكردەوە، بەلەمێکی کۆچبەران کە لە لیبیاوە بەرەو ئیتاڵیا رۆیشتووە، لە نزیک دوورگەی لامپێدوسای ئیتاڵیا ژێرئاو کەوتووە و جگە لە حەوت کەس کە رزگارکراون، تائێستا 20 لە کۆچبەرەکان بێسەروشوێنن.

بەپێی راگەیەندراوی ئاژانسەکە. ئەو حەوت كەسەی رزگاریان بووە، خەڵكی سووریا، سودان و میسڕ بوون و لەئێستاشدا، پاسەوانی كەناراوەكانی ئیتاڵیا بەدوای بێسەروشوێنبووەكاندا دەگەڕێن كە پێنج ژن و سێ منداڵیان تێدایە.

بەپێی زانیاریی میدیا جیهانییەکان، یەكێك لە كۆچبەرە رزگاربووەكان، منداڵێكی تەمەن هەشت ساڵی سوورییە، بەڵام تائێستا دایكی بێسەروشوێنە و منداڵەكە لەلایەن خزمێكییەوە رزگاركراوە.

بەپێی ئامارە نافەرمییەکان، لە ساڵی 2024ـدا زیاتر لە دوو هەزار كۆچبەر لە كاتی هەوڵدان بۆ پەڕینەوە لە دەریای ناوەڕاست كە مەترسیدارترین رێڕەوی كۆچكردنە لە جیهاندا، خنكاون یاخود بێسەروشوێن بوون.