رووسیا: چارەسەری شێرپەنجەمان دۆزییەوە و بەبێ بەرامبەر بەسەر هاوڵاتییاندا دابەشی دەکەین

١ کانونی دووەمی ٢٠٢٥

بڵاویبکەرەوە لە

ئاژانسی هەواڵی فەرمیی رووسیا بڵاویکردەوە، زانایانی ئەو وڵاتە ڤاکسینێکیان بەرهەمهێناوە کە توانای پێشگرتن بە گەشەکردنی گرێ شێرپەنجەییەکان هەیە. دەشڵێت: "لە ساڵی 2025 ڤاکسینەکە بەبێ بەرامبەر بۆ هاوڵاتییان بەردەست دەبێت".

ئاژانسی هەواڵی فەرمیی رووسیا لە نوێترین راپۆرتیدا باس لەوە دەکات، زانایانی ئەو وڵاتە ڤاکسینێکیان بە ناوی(mRNA) بەرهەمهێناوە کە توانای ئەوەی هەیە پێش بگرێت بە گەشەکردنی گرێ شێرپەنجەییەکان.

میدیاکانی رووسیا ئاماژە بەوە دەکەن، دەتوانرێت ڤاکسینەکە بە تایبەت دروست بکرێت بۆ گرێ شێرپەنجەییە جیاوازەکان و گۆڕانکاریی بۆماوەیی تێدا ئەنجامبدرێت، هەموو ئەم پرۆسەیەش لە ماوەی کەمتر لە کاتژمێرێکدا بە بەکارهێنانی زیرەکیی دەستکرد (AI) ئەنجام دەدرێت.

لەو بارەیەوە، ئەلیکساندەر گینسبێرگ، بەڕێوەبەری سەنتەری توێژینەوەی گامالیای ڕووسی بۆ پەتاناسی و مایکرۆبایۆلۆجی دەڵێت: "ئێمە لە کۆتاییدا سەردەکەوین بەسەر ئەوەی کە ئێستا پێی دەڵێین شێرپەنجە و لە ماوەی 10 ساڵدا، مرۆڤایەتی بەسەر هەموو جۆرە نەخۆشییەکدا زاڵ دەبێت".

ئاژانسی هەواڵی فەرمیی رووسیا لەبارەی وادەی بەردەستبوونی ڤاکسینەکە ئاماژە بەوە دەدات، لە ساڵی 2025، ڤاکسینەکە بەردەست دەبێت بۆ هاوڵاتییانی رووسیا بەبێ بەرامبەر.

جێی باسە، لە راپۆرتەکەی ئاژانسی هەواڵی فەرمیی رووسیا ئاماژە بەوە نەکراوە کە ئەم ڤاکسینە پێش بە چی جۆرە شێرپەنجەیەک دەگرێت، تەنیا ئاماژە بەوە کراوە، ئەم ڤاکسینە، دەدرێت بەو کەسانەی کە توشبووی شێرپەنجەن.

ئەلێکساندەر گینسبێرگ دەڵێت: "لە ناوەڕاستی ساڵی 2025 ئەم ڤاکسینە دەدرێت بەو خۆبەخشانەی کە ناوی خۆیان تۆمار کردووە".

ڤاکسینی mRNA، لەسەر بنەمای شیکردنەوەی بۆماوەیی گرێ شێرپەنجەییەکان کاردەکات. بەپێی راپۆرتەکەی ئاژانسی هەواڵی فەرمیی رووسیا، ڤاکسینەکە لەسەر بنەمای زانیارییەکانی سیستمی بەرگریی لەش ڕادەهێندرێت بۆ ناسینەوەی خانە شێرپەنجەییەکان و بەئامانجگرتنیان.