٣١ كانونی یەکەمی ٢٠٢٤
فیراس سدیق ڕایگەیاند، “بەهۆی ئەوەی مریشک هەناردەی خواروو و ناوەڕاستی عێراق ناکرێت، نرخی مریشک زیاتر دابەزیوە”.
ئەمڕۆ سێشەممە 31-12-2024، فیراس سدیق، بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ لە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند: "هەفتەیەک پێش ئێستا نرخی یەک کیلۆ مریشکی گەورە (زیاتر لە 3 کیلۆ) بە دوو هەزار و 600 دینار بوو لە پەلەوەرخانەکان، بەڵام ئێستا نرخەکەی دابەزیوە بۆ دوو هەزار و 200 دینار".
ئاماژەی بەوەشکرد: "مریشکی بچووک (کەمتر لە 3 کیلۆ) بە دوو هەزار و 300 دینار بوو، بەڵام ئێستا بە هەزار و 850 دینارە".
لە بارەی هۆکاری دابەزینی نرخی مریشک ئاشکراشیکرد: "پەلەوەرخانەکانی عێراق، بەرهەمی مریشکیان پێگەیشتووە و ئیدی لە هەرێمی کوردستان هاوردەی ناکەن، رێگرییەکانی حکومەتی ناوەندی بۆ هەناردەکردنی مریشکی زیندوو بۆ عێراق و نرخی گواستنەوە، بوونەتە هۆی ئەوە مریشک بە گرانی بگاتە عێراق، ئەوەش وایکردووە پشت بە بەرهەمی خۆیان ببەست".
نرخی کیلۆیەک مریشکی زیندوو لە سەرەتای ئەم مانگەوە تاوەکو کۆتایی مانگ 600 دینار دابەزیوە.