٣١ كانونی یەکەمی ٢٠٢٤
زۆرن ئەو کەسانەی کە لە مێژوودا پێشپینی ڕووداوەکانی داهاتوویان کردووە، بەڵام ڕێژەیەکی زۆر کەم لە کەسانە پێشبینیەکانیان بە ڕاستی هاتووەتە جێ، لە بەناوبانگترین پێشبینیکەرەکان وەک بابا ڤانگا، نۆسترادامۆس، لەیلا عەبدوللەتیف.
1- بابا ڤانگا - ژیان
بابا ڤانگا لە ساڵی 1911، لە شاری سترومیکا-ی وڵاتی مەکدۆنیا لەدایکبووە، پیشبینیکەرێکی نابینا بوو، کە بە پێشبینییەکانی ناوبانگێکی زۆری دەرکرد. لە ساڵی 1996ـدا، لە شاری سۆفیای بولگاریا کۆچی دوایی کردووە.
بەشێک لە پێشبینییەکانی بابا ڤانگا کە هاتوونەتە دی:
- روودانی جەنگی جیهانیی دووەم.
- کارەساتی چێرنۆبڵ.
- رووداوی هێرشەکانی 11ـی سێپتەمبەری ئەمریکا.
- پێشبینیی کردووە 44ـەمین سەرۆکی ئەمریکا، ئەفریقییەکی رەشپێست بێت؛ کە دواتر ئۆباما بووە سەرۆک.
- پێشبینیی رۆژی کۆچی دوایی خۆی.
بەشێک لە پێشبینییەکانی بابا ڤانگا بۆ ساڵی 2025:
- جەنگێکی وێرانکەر ئەوروپا دەگرێتەوە
لەم بارەیەوە، بابا ڤانگا دەڵێت: "ڕووداوێکی گەورە دەبێتە هۆی لەناوچوونی بەشێکی مرۆڤایەتی، ململانێیەکی سەخت، بەشێکی زۆر لە دانیشتووانی کیشوەری ئەوروپا لەناودەبات".
- زیادبوونی دەسەڵاتی رووسیا
ناوبراو پێشبینیی کردووە، سەرۆکی ئێستای ڕووسیا؛ کە ڤلادیمیر پوتن-ە، دووبارە وەک سەرۆک هەڵدەبژێردرێتەوە، ئەمەش هەژموونی وڵاتەکەی پتەوتر دەکات و بەردەوام دەبێت لە داڕشتنەوەی جیۆپۆلەتیکی رووسیا.
- کارەساتە سروشتییەکان
بابا ڤانگا پێشبینی دەکات ساڵی 2025، ڕووداوی سروشتیی کارەساتبار بەخۆوە ببینێت، لەوانە (تەقینەوەی چەند گڕکانێکی گەورە)، ئەمەش دەبێتە هۆکاری لافاوێکی وێرانکەر. بابا ڤانگا بەتایبەتی جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە بوومەلەرزەیەکی وێرانکەر لە کەناری ڕۆژئاوای ئەمریکا روودەدات، بە وتەی ئەو، ئەم ڕووداوانە دەبێتە هۆی گیان لەدەستدان و ئاوارەبوونی ژمارەیەکی زۆری خەڵک.
- پێشکەوتنی زانستی
بابا ڤانگا پێشبینی دەکات، لە ساڵی 2025ـدا، زانایانی بواری تاقیگە، پێشکەوتنێکی مەزن بەدەستبهێنن، کە ئەمەش شۆڕشێکی گەورە بەرپا دەکات لە زانستی پزیشکیدا.
جێی باسە، چەند رۆژێک لەمەوبەر، ئاژانسی هەواڵی فەرمیی رووسیا، بانگەشەی ئەوەی کرد، زانایانی ئەو وڵاتە ڤاکسینێکیان بەناوی (mRNA) بەرهەمهێناوە، کە توانای هەیە پێشبگرێت، لە گەشەکردنی گرێ شێرپەنجەییەکان.
2- میشێل دی نۆسترادامۆس - ژیان
میشێل دی نۆسترادامۆس لە ساڵی 1503، لە شاری سەینت ریم-ی فەرەنسا لەدایکبووە، ناوبراو پزیشک و پێشبینیکەرێکی بەناوبانگی جیهانییە و پێشبینییەکانی، ناوبانگێکی زۆری لە جیهاندا دەرکردووە، لە ساڵی 1566، لە شاری مارسیلیای فەرەنسا، کۆچی دوایی کردووە.
بەشێک لە پێشبینییەکانی میشێل دی نۆسترادامۆس کە هاتوونەتە دی:
- شۆڕشی فەرەنسا لە ساڵی 1789-1799.
- هاتنەسەر دەسەڵات و کەوتنی ناپلیۆن بۆناپارت.
- ئاگرە گەورەکەی لەندەن لە ساڵی 1666.
- تیرۆرکردنی جۆن کەنەدی، سەرۆکی ئەمریکا لە ساڵی 1963.
- بەرهەمهێنانی چەکی ئەتۆمی لە ساڵی 1945.
بەشێک لە پێشبینییەکانی میشێل دی نۆسترادامۆس بۆ ساڵی 2025:
- گۆڕانکاریی گەورە لە کەشوهەوادا.
- پێشکەوتنی گەورە لە بواری زانست و تەکنەلۆجیا.
- گۆڕانکاری لە هاوسەنگیی هێزی جیهانی.
3- لەیلا عەبدوللەتیف
لەیلا عەبدوللەتیف پێشبینیکەرێکی میسڕی-لوبنانییە کە لە ساڵی 1958 لە میسڕ لەدایکبووە و تائێستا لە ژیاندایە، لەم دواییانەدا، بە پێشبینییەکانی ناوبانگی دەرکردووە.
بەشێک لە پێشبینییەکانی لەیلا عەبدوللەتیف کە هاتوونەتە دی:
- پێشبینیی کرد لە سەرەتای ئەمساڵدا فڕۆکەیەک دەکەوێتە خوارەوە و سەرجەم سەرنشینەکانی گیان لەدەستدەدەن (کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەکەی رەئیسی لە مانگی پێنجی ئەمساڵدا، بە بەدیهاتنی ئەم پێشبینییە دادەنرێت).
- پێشبینیی کرد دۆناڵد ترەمپ، رووبەڕووی رووداوێکی خەمناک دەبێتەوە (لە مانگی حەوتدا لەکاتی پێشکەشکردنی وتارێکدا، هەوڵی کوشتنی ترەمپ درا، ئەمەش بە بەدیهاتنی ئەم پێشبینییە دادەنرێت).
- پێشبینیی هەڵگیرسانی شەڕی لەنێوان رووسیا و ئۆکرانیادا کردووە.
بەشێک لە پێشبینییەکانی لەیلا عەبدوللەتیف بۆ ساڵی 2025:
- پێشبینیی گۆڕانکاریی گەورە لە بواری ئابووریی جیهانی دەکات، بەتایبەتی وڵاتی میسڕ.
- پێشبینی دەکات، گۆڕانکاریی گەورە لە نرخی دراوەکاندا رووبدەن لە سەرانسەری جیهاندا.
- پێشبینیی هەندێک گۆڕانکاریی سیاسی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات.
- پێشبینیی چەند رووداوێکی سروشتی لە چەند ناوچەیەکی جیهان دەکات، کە دەبیتە هۆکاری وێرانکاریی گەورە، بەتایبەتی بوومەلەرزەیەکی بەهێز.
لەکۆتاییدا دەڵێین، گرنگە بزانین
1- ئەم پێشبینییانە هیچ بنەمایەکی زانستییان نییە و تەنانەت هەندێک لە پێشبینیکاران، خۆیان وەک جادووگەر لەقەڵەمداوە.
2- زۆرینەی پێشبینییەکان ناڕوونن و، دەکرێت بە چەندین شێوە لێکبدرێنەوە.
3- باشتروایە لە هەر یەکێک لەو بارودۆخانەی باسکران، پشت بە لێکۆڵینەوە زانستییەکان ببەسترێت.
4- زۆرجار پێشبینییەکان لەسەر بنەمای شیکردنەوەی بارودۆخی ئێستا و رابردوو دەکرێت.
5- بەشێکی زۆر لەو پێشبینییانەی باسکران، پێشبینیی گشتین، بەجۆرێک، دەکرێت لە هەر ساڵێکدا ئەم رووداوانە رووبدەن.