٣٠ كانونی یەکەمی ٢٠٢٤
یانەی ڕیال مەدریدی ئیسپانی بڕیاریدا لە ماوەی گواستنەوەی هاوینەی داهاتوودا گرێبەست لەگەڵ مارتن زوبیمێندی یاریزانی هێڵی ناوەڕاستدا بکات.
زۆرێک لە یانە گەورەکانی ئەوروپا هەوڵی گواستنەوەی یاریزانە ئیسپانییەکە دەدەن لە ماوەی گواستنەوەی هاوینەی داهاتوودا، دیارترینیان لیڤەرپوول و مانچستەر سیتییە.
زۆبیمێندی، یاریزانی یانەی ڕیال سۆسیداد، لە ماوەی گواستنەوەی هاوینەی ڕابردوودا نزیک بوو لە گواستنەوەی بۆ لیڤەرپوول، بەڵام لە کۆتاییدا پێی باشتر بوو لەگەڵ تیپەکەی بمێنێتەوە.
تۆڕی TEAMtalk ی ئینگلیزی ڕایگەیاندووە، ڕەنگە یانەی ڕیال مەدرید گورزێکی نوێ لە لیڤەرپوول بدات، دوای ئەوەی چووەتە پێشبڕکێی گواستنەوەی یاریزانێک کە بە ئایدیاڵ دادەنرێت بۆ شێوازی ئارنی سلۆتی ڕاهێنەر، هاوینی ڕابردووش یانە سوورەکان ویستوویانە ئەو یاریزانە بخەنە نێو لیڤەرپوولەوە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، یانەی ڕیال مەدرید لە چەند ساڵی ڕابردوودا بە شوێنکەوتنی لیڤەرپوول لە ناو یاریگا و دەرەوەی یاریگا ناسراوە، چونکە یانە ئیسپانییەکە لە هاوینی داهاتوودا نزیکە لە گواستنەوەی ئارنۆڵد بە گرێبەستێکی بێبەرامبەر.
یانەی ڕیال مەدرید لە ماوەی گواستنەوەی هاوینەی 2025دا چووەتە پێشبڕکێی گواستنەوەی یاریزانی یانەی ڕیال سۆسیداد، مارتن زۆبیمێندی، بۆ ئەوەی ببێتە جێگرەوەی تۆنی کروسی ئەستێرەی ئەڵمانی، کە بڕیاریدا بۆ هەمیشە لە یاری تۆپی پێ وازبهێنێت.
پێشتر زۆبیمێندی لەلایەن تیپی وەرگرتنی یاریزانانی لیڤەرپوولەوە وەک باشترین یاریزان دەستنیشانکرابوو بۆ جێبەجێکردنی شێوازی ئارنی سلۆت لە هێڵی ناوەڕاستدا، بەو پێیەی یانەی سوورەکان ئامادەبوون لە هاوینی ڕابردوودا پارەی مادەی ئازادکردنی زۆبیمێندی بدەن کە بڕی 60 ملیۆن یۆرۆ بوو، بەڵام ئەو یاریزانە دڵسۆزەکەی هەڵبژارد بۆ یانەکەی منداڵی خۆی.
تۆڕەکە لە کۆتاییدا ڕایگەیاندووە، گرنگیدانی لیڤەرپوول بۆ زۆبیمێندی کەم نەبووەتەوە، ئەمەش شتێکی تێگەیشتنە، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە بە یاریزانێکی ئایدیاڵ دادەنرێت بۆ سلۆت، هەروەها یانە سوورەکان ئامادەن بگەڕێنەوە بۆ هەوڵدان بۆ گواستنەوەی ئەو یاریزانە لە مانگی یەکدا ئەگەر پۆستەکەی بگۆڕێت لەسەر جێهێشتنی یانەکەی.