تائێستا ئەم سوودانەی جاترە-ت زانیوە؟

٢٨ كانونی یەکەمی ٢٠٢٤

بڵاویبکەرەوە لە

جاترە کە ناوە زانستییەکەی (Thyme) یەکێکە لە گیایە هەرە بەناوبانگەکان کە مرۆڤ لە دێر زەمانەوە بەکاریهێناوە لە خواردن و درووستکردنی دەرماندا.

میسڕییە کۆنەکان لە پرۆسەی مۆمیاکردندا، ئاوی جاترەیان بەکارهێناوە، یەکەم بەڵگەی تۆمارکراو لە بەکارهێنانی جاترە وەک دەرمان دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی یەکەمی زاینی.

جاترە ناوبانگێکی باشی هەبووە لە یۆنانی کۆن و ڕۆمادا، ئەوان بە شێوەیەکی گشتی ئەم گیایەیان بەکارهێناوە بۆ درووستکردنی دەرمان و چارەسەری چەندین نەخۆشیی وەک (هەوکردن، کۆکە، هەڵامەت و کەڕوو) پێکردووە. لەگەڵ پێشکەوتنی زانستی تەندروستیدا چەندین لێکۆڵینەوەی جیاواز لەسەر ئەم گیایە کراوە و لێکۆڵەران چەندین سوودی سەرسوڕهێنەری ئەو گیایەیان ئاشکرا کردووە، لەوانە:

•یارمەتیدەرە بۆ کەمکردنەوەی زیپکە

•یارمەتیی دابەزاندنی پەستانی خوێن دەدات

•سیستمی بەرگریی جەستە بەهێز دەکات

•کرداری هەرسکردن باش دەکات و بەسوودە بۆ کۆئەندامی هەرس

•یارمەتیی هێوەرکردنەوەی مێشک دەدات

•کۆنیشانەکانی هەڵامەت و سەرما کەم دەکاتەوە

•یارمەتیی کۆئەندامی هەناسە دەدات لە ڕووبەڕووبوونەوەی بەکتریای زیانبەخش

•کۆکەی توند ئارام دەکاتەوە

•کرداری هەناسەدان باشتر دەکات

•بەسوودە بۆ هەوکردنی قوڕگ

•بەسوودە بۆ هەوکردنی کەڕوویی

•بە سوودە بۆ چارەسەرکردنی بەکتریای گەدە

•یارمەتیی جگەر دەدات لە کارکردن بە شێوەیەکی باشتر

•یارمەتیدەرێکی باشە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی پەتا وەرزییەکان

لەگەڵ ئەم سوودە سەرسوڕهێنەرانە، جاترە چەندین زیانی لاوەکیشی هەیە ئەگەر بێت و بەشێوەیەکی زانستی بەکار نەهێندرێت، لەوانە:

•دڵەکزە

•سکچوون

•هەستیاریی پێست

•ڕشانەوە

ئەو کەسانەی کە نابێت ئەم جۆرە گیایە بەکاربهێنن کێن؟

•ئەو کەسانەی کە تووشبووی شێرپەنجەی (مەمک، میزەڵدان و هێلکەدان)ـن.

•ئافرەتی دووگیان

•ئەو کەسانەی کە وابڕیارە نەشتەرگەری ئەنجام بدەن

•ئەو کەسانەی کە دەرمانی چەوریی خوێن بەکاردەهێنن

چۆنیەتیی بەکارهێنانی گیای جاترە

دەکرێت گیای جیاترە بە چەندین شێوازی جیاواز بەکاربهێندرێت وەک چا، زەیت، ئاوتک، یاخود بە شێوازی بەهارات، کە هەریەکێک لەم ڕێگایانە، سودی تایبەت بە خۆی هەیە. لەئێستادا بەربڵاوترین جۆری بەکارهێنان، جۆری چای جاترەیە.

شێوازی ئامادەکردنی چای جاترە

سەرەتا یەک کەوچکی چێشت جاترەی وشککراوە دەخرێتەوە ناو پەرداخێک، پاشان ئاوی گەرمی تێدەکرێت، پاشان بۆ ماوەی پێنج خولەک سەری پەرداخەکە بە توندی دادەپۆشرێت، ئەمەش بەمەبەستی گەڕانەوەی زەیتی گیایەکە بۆ ناو چایەکە، پاشان گیای جاترەکە دەپاڵێورێت و تەنیا ئاوەکەی دەمێنێتەوە و بە گەرمی دەخورێتەوە.

دەکرێت ئەم گیراویەیە لە ڕۆژێکدا سێ جار بخورێتەوە و نابێت زیادەڕەویی تێدا بکرێت، هەروەها دەکرێت ئاوی لیمۆ یاخود زەنجەفیلیشی تێبکرێت بۆ ئەوەی سوودێکی زیاتری هەبێت.

لە ئێستا لە هەرێمی کوردستان جاترە خواستێکی زۆری لەسەرەو بە شێوەی وشککراوە و ئاوتک بەکاردەھێنرێت لەلایەن هاوڵاتییانەوە بۆ بەکتریای گەدە (H.Pylori) و پەتا وەرزییەکان، هەروەها بە ڕێژەیەکی زۆریش لە خواردنە کوردەوارییەکاندا بەکاردەهێندرێت.