هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) بناسە

٢٥ كانونی یەکەمی ٢٠٢٤

بڵاویبکەرەوە لە

هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لە 10ـی تشرینی یەکەمی ساڵی 2015 دامەزرا، وەک هێزێکی سەربازیی هاوپەیمان لە کاتی شەڕی ناوخۆی سووریادا.

ئەم هێزە لە چوارچێوەی هاوپەیمانێتیی نێودەوڵەتیی دژی داعش و بە پشتیوانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، دامەزرا و بارەگای سەرەکیی، لە شاری قامیشلۆی رۆژئاوای کوردستانە.

چەند یەکە و هێزێک، پێکهێنەری سەرەکیی هەسەدە-ن، کە بریتین لەمانەی خوارەوە:

- یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە)

- یەکینەکانی پاراستنی ژنان (یەپەکە)

- هێزە عەرەبییەکان

- هێزەکانی سریان-ئاشووری

- تورکمان و گروپە ئیتنیکییەکانی تر

لەئێستادا، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات مەزڵوم عەبدی-یە، کە ناسراویشە بە (مەزڵوم کۆبانێ)، ناوبراو لە ساڵی 1967 لە شاری کۆبانێ-ی رۆژئاوای کوردستان لەدایکبووە.

بەپێی ئامارە نافەرمییەکان، تا ساڵی 2021، هەسەدە خاوەنی زیاتر لە نزیکەی 100 هەزار چەکدار بووە.

ئامانج و ستراتیژییەکانی هەسەدە، بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی ئەو هێزە بریتین لەمانەی خوارەوە:

1- بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و توندڕەوی

2- پاراستنی ناوچە کوردنشینەکان

3- دامەزراندنی سیستمێکی فیدراڵیی دیموکراتی

4- پاراستنی مافی کەمینەکان

5- گەشەپێدانی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتیان

هەسەدە، زۆرینەی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، ناوچەکانی جەزیرە، فورات و دەوروبەری ڕەققەی لەژێردەستدایە، هاوکات لەپاش رووخانی رژێمی بەشار ئەسەد-یشەوە، پێشبینی دەکرێت بەشێکی تری ناوچەکانی باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا بگرێتە دەست.

هاوپەیمانەکانی هەسەدە:

- ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا

- هاوپەیمانێتیی نێودەوڵەتیی دژی داعش

- هێزەکانی ئەوروپا

پەیوەندییە ئاڵۆز و ناکۆکەکان:

- تورکیا

- حکومەتی ناوەندی سووریا (لەماوەی دەسەڵاتی ئەسەد-دا)

- ئۆپۆزسیۆنی سووری

هەسەدە ڕۆڵێکی بەرچاوی هەبووە لە شەڕی دژی داعش و گۆڕانکارییە سیاسییەکانی سووریا تا ئەم ساتە و لەئێستاشدا، بە یەکێک لە هێزە کاریگەرەکانی ناوچەکە ناودەبرێت.