٢٤ كانونی یەکەمی ٢٠٢٤
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی سلێمانی رایگەیاند، لەسەر سكاڵای زیاد لە 20 هاوڵاتی و لەلایەن نوسینگەی نەهێشتنی تاوانی چەمچەماڵەوە، کەسێکیان بەتۆمەتی دزینی قەل و قاز دەستگیرکردووە.
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی سلێمانی لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە: "دوای ئەوەی زیاد لە 20 هاوڵاتی سكاڵای لە نوسینگەی نەهێشتنی تاوانی چەمچەماڵ تۆماركرد كە پەلەوەریان لە جۆری (قەل و قاز ) لێدزراوە ، هێزەكانی پۆلیس لێكۆڵینەوەو بەدواداچوونەكانیان دەستپێكرد".
ئاماژەی بەوەشکردووە: "بەسود وەرگرتن لە كامێراكانی چاودێری توانرا لە لایەن مەفرەزەكانی نوسینگەی نەهێشتنی تاوانی چەمچەماڵەوە تۆمەتبار بدۆزرێتەوەو دەستگیربكرێت و دەستیش بگیرێت بەسەر چەندین قەل و قازی دزراودا".
لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا هاتووە: "لە ئێستادا تۆمەتبار ( ش ، أ ، غ لەدایكبووی 1989 ) بەبڕیاری بەڕێز دادوەرو بەپێی ماددەی 443 لەیاسای سزادانی عیراقی ڕاگیراوەو دانی ناوە بە تاوانەكەیدا".