٢٢ كانونی یەکەمی ٢٠٢٤
بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی عێراق ڕایگەیاند، “ئامێری پێشکەوتوومان هەیە بۆ دەستنیشانکردنی ڤایرۆسەکان و هیچ گۆڕاوێکی نوێی مەترسیداری کۆرۆنا بوونی نییە”.
ڕیاز عەبدولئەمیر حلێفی، بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی لە وەزارەتی تەندروستی عێراق لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند: “هەندێک لێدوان هەیە، کە لە کەناڵە تەلەفزیۆنییەکان لە هەندێک کەسایەتی لە دەرەوەی عێراق وەرگیراوە، سەبارەت بە بوونی گۆڕاوێکی نوێ لە ڤایرۆسی کۆرۆنا، كە وتوویانە، پێویستە ڕێوشوێنی خۆپارێزی بگیرێتەبەر”.
ئاماژەی بەوەشکرد: “لە ڕێگەی پشکنینەکان بە ئامێری مۆدێرن، کە لە تاقیگەی تەندروستی ناوەندی بەردەستە، پشتڕاست نەکراینەوە بە بوونی گۆڕاوێکی نوێی ڤایرۆسی کۆرۆنا، بەڵکو تەنها دوایین گۆڕاو “ئۆمیکرۆن” کە ساڵانێک لەمەوبەر دەرکەوتووە و تووشبوونەکانی سووکن و مەترسییان نییە”.
ئەوەشی خستەڕوو: “زیادبوونی حاڵەتەکانی ئەنفلۆنزا هەموو ساڵێک لە وەرزی پاییز و زستاندا ئاساییە، هەروەک چۆن لە ساڵانی ڕابردوودا، ڕەتیدەکەینەوە بوونی هەر جۆرە گۆڕاوێکی نوێ لە عێراقدا”.
حلێفی داوای لە هاووڵاتیان کرد، ئاگاداری شوێنە داخراوەکان بن، جەختیشی لەوەشکردەوە: “عێراق ئامێری پێشکەوتووی هەیە بۆ دەستنیشانکردنی ڤایرۆسەکان و هیچ گۆڕاوێکی نوێی مەترسیداری کۆرۆنا بوونی نییە”.
ئەمە لە کاتێکدایە، ماوەیەکە لە عێراق و هەرێمی کوردستان پەتایەکی وەرزی لەناو هاوڵاتیاندا بڵاوبووەتەوە.