١٥ كانونی یەکەمی ٢٠٢٤
وەزارەتی دارایی عێراق ڕایگەیاند، هەرێمی کوردستان پابەندکرا بە خەرجکردنی ئەو مووچەیەی کە بۆ مانگی 10ی مووچەخۆرانی هەرێم لەلایەن بەشی ژمێریارییەوە پارەی بۆ دابینکراوە.
ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە 15-12-2024، وەزارەتی دارایی عێراق لە بەیاننامەیەكدا ڕایگەیاند، ئەمڕۆ یەک شەممە، وەزیری دارایی، تایف سامی محەمەد، پێشوازیکرد لە شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی وەزیری دارایی، ئاوات جەناب نوری، ئومێد سەباح، لێپرسراوی دیوانی ئەنجومەن، ئامانج ڕەحیم، سکرتێری ئەنجومەن، فاریس عیسا، بەرپرسی نوێنەرایەتی هەرێم، عەبدولحەکیم خوسرۆ لێپرسراوی بەدواداچوون و هەماهەنگی، و ڕیباز عەباس مەحمود، ڕاوێژکاری وەزارەتی دارایی، کوفان تەحسین، بەڕێوەبەری گشتی ژمێریاری، ئەبوبەکر عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری گشتی بودجە ، مریەم عوسمان، بەڕێوەبەری گشتی خانەنشینی، و عەبدوڵڵا ڕەمەزان معروف وەک شارەزای دارایی. ئەمەش بۆ گفتوگۆکردنە لەسەر مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینانی هەرێم.
بەگوێرەی ڕاگەیەنراوەكە، لە کۆبوونەوەکەدا ڕێککەوتن لەسەر ئەم خاڵانە كرا:
1- ناردنی شاندێكی تەکنیکی لە بەشی ژمێریاری وەزارەتی دارایی فیدراڵی بۆ وەزارەتی دارایی لە حکومەتی هەرێم بە ئامانجی هاوکاریکردنیان لە هەموارکردنەوەی “میزان موڕاجەعە”ی مانگانەی پەیوەست بە مووچە و خەرجکردنی خانەنشینی بەپێی فەرمانی بەشی ژمێریاری ژمارە 10 (2421) لە بەرواری 1/30/2024.
2- بە پشتبەستن بە ڕێنماییەکانی سەرۆکی حکومەت، وەزارەتی ژمێریاری ڕێوشوێنی پێویستی گرتۆتەبەر بۆ ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بۆ مانگی 11 و لە ئەمڕۆوە دەستپێدەکات. باقی چارەسەرەکان و سەرنجەکان بە هەماهەنگی لەگەڵ تیمی وەزاری تەواو دەکرێن.
3- ئەنجامدانی گواستنەوەی پێویست بۆ چارەسەرکردنی ناڕێکی دارایی پەیوەست بە شایستە خانەنشینییەکان بە بڕی (430) ملیار دینار، بە پشتبەستن بە بڕگەکانی مادەکانی (5/یەکەم) و (77/یەکەم) لە یاسای بودجەی گشتی فیدڕاڵی ژمارە (13) بۆ ساڵانی (2022,2023,2024)، و بە پشتبەستن بە ڕێنماییەکانی سەرۆک وەزیران.
4- ئەو سەرنجانەی کە ماونەتەوە بە هەماهەنگی لەگەڵ تیمی تەکنیکی وزاری لە ماوەی 10 ڕۆژدا، لە ئەمڕۆوە 15 کانوونی دووەم دەست پێدەکات. جگە لە پێداچوونەوە بە کارەکانی ئەو لیژنەیەی، کە بەپێی فەرمانی دیوانی ژمارە 24660 پێکهێنراوە، کە پێویستی بە ئامادەبوونی نوێنەرانی هەرێم هەیە لەسەر ئەو لیژنەیەی پێشتر ئاماژەی پێکراوە.
5- هەرێم پابەندە بە خەرجکردنی ئەو مووچەیەی کە بۆ مانگی 10 لەلایەن بەشی ژمێریارییەوە پارەی بۆ دابینکراوە و بەردەوامبوونی گفتوگۆ و بەدواداچوون لەگەڵ لیژنەی فەرمانی دیوانی ژمارە 24660، بۆ چۆنیەتی سوودمەندبوونی خانەنشینانی هەرێمی كوردستان لە یاسای خانەنشینی یەكگرتووی عێراقی ساڵی 2019.