نەتەوە یەکگرتووەکان: لە ماوەی 14 ساڵدا سووریا 54 ملیار دۆلاری لەدەستداوە

١٣ كانونی یەکەمی ٢٠٢٤

بڵاویبکەرەوە لە

یاریدەدەری سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، لە ماوەی 14 ساڵی شەڕی ناوخۆی سووریادا، ئەو وڵاتە 54 ملیار دۆلاری لەدەستداوە.

عەبدوڵڵا دەرداری، یاریدەدەری سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە لێدوانێکدا بۆ رۆژنامەی شەرقولئەوسەت ئاشکرایکرد، سووریا لە ماوەی 14 ساڵدا 54 ملیار دۆلاری لە بەرهەمی گشتیی ناوخۆی خۆی لەدەستداوە، ئەمەش بەهۆی دابەزینی کۆی بەرهەمی ناوخۆ لە 62 ملیار دۆلارەوە بۆ 18 ملیار دۆلار لەئێستادا.

ئاماژەی بەوەشکرد، رێژەی هەژاری لە ساڵی 2019ـدا 12% بوو، ئێستا رێژەکە بۆ 90% بەرزبووەتەوە، هاوکات هەژاریی خۆراک 65%ی دانیشتووانی تێپەڕاندووە، هەروەها نزیکەی دوو ملیۆن یەکەی نیشتەجێبوون لە کۆی 5.5 ملیۆن یەکەی لەناوچوون.

دەرداری وتیشی، لە قۆناغی داهاتوودا، گرنگی بە پاڵپشتیکردنی دامودەزگاکانی سووریا و کەرتی تایبەت دەدرێت و پێشکەوتنی ئابووریی سووریا، لەئێستاوە دەستیپێکردووە.