١٢ كانونی یەکەمی ٢٠٢٤
وەزارەتی دارایی حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێمی کوردستان رایگەیاند: "بەشی زۆری کێشە تەکنیکییەکانی مووچەمان چارەسەر کردووە و وامان کردووە هیچ بیانوویەک بەدەست بەغدا نەمێنێت." ئەندامێکی تەکنیکیی شاندەکەش بۆ بەغدا رایگەیاند: "هەموو هەوڵێک دەدەن بۆ ئەوەی هیچ مووچەیەکی ئەمساڵ نەفەوتێت".
هونەر جەمال، وتەبێژی وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێمی کوردستان، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "ئێمە ئێستا پەیوەندییەکی زۆر باشمان لەگەڵ وەزیری دارایی عێراق و ستافەکەی هەیە، بەبەردەوامی تیمەکانمان لەسەر هێڵن، هەفتانە یان مانگانە تیمەکانمان چەند جارێک دەچنە بەغدا."
وتیشی: "مانگی 10، تیمی تەکنیکیی ئێمە 4 هەفتە لەوێ بووە و بەشی زۆری کێشە تەکنیکییەکانیان چارەسەر کردووە، ئێستاش دەتوانین بڵێین هیچ بیانوویەکی وا بەدەست وەزارەتی دارایی عێراقەوە نەماوە، کە مانگی 7 نزیکەی 600 ملیار دیناری لە ئێمە بڕی، بەبیانووی هەندێک کێشە، بەڵام ئێستا هەموو بابەتەکان چارەسەر کراون."
جەختی لەوەش کردەوە: "بەشی زۆری کێشە تەکنیکییەکانی مووچەمان چارەسەر کردووە و وامان کردووە هیچ بیانوویەک بەدەست بەغدا نەمێنێت."
هەر لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا، رێباز عەباس، راوێژکاری وەزارەتی دارایی و ئەندامی تیمی تەکنیکیی وەزارەتەکە لە بەغدا، رایگەیاند: "تیممان لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراق لەسەر هێڵن بۆ ئەوەی بەلایەنی کەمەوە تەمویلێک وەربگرین، کە تەواوکاریی مووچەی مانگێک بکات تاوەکو مووچەی مانگی 10 دابەش بکەین، ئەمەش ئەو مانایە ناگەیەنێت مووچەی مانگەکانی دیکە دابەش ناکرێت."
وتیشی: "کۆمپیوتەرەکانی وەزارەتی دارایی عێراق ئەوەندە کۆنن سیدی تۆمارەکانی ئێمەی نەخوێندووەتەوە، ئەمەش کێشەیەکی دیکە بووە".